لاوێکی کورد لەلایەن سپای پاسدارانەوە کوژرا

هەنگاو: لاوێکی کوردی خەڵکی دێولان کە بە مەبەستی چوون بۆ هەرێمی کوردستان چوبووە سنوورەکانی پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی س

١٣ بەفرانبار ٢٧١٩، ١٦:٥٦

 

هەنگاو: لاوێکی کوردی خەڵکی دێولان کە بە مەبەستی چوون بۆ هەرێمی کوردستان چوبووە سنوورەکانی پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دراوەتە بەر دەستڕێژ و کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١ی ژانویەی ٢٠٢٠)، لاوێکی خەڵکی گوندی ”سیس“ سەر بە شاری دێولان لە پارێزگای سنە بە ناوی ”نادر کەریمی“ لەکاتی ڕۆشتن بۆ هەرێمی کوردستان و  لەلایەن سپای پاسدارانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و کوژراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کەریمی وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، نادر لە کاتی چوون  بۆ هەرێمی کوردستان و لە سنوورەکانی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران کراوەتە ئامانج و کوژراوە.

ئەو سەرچاوەتە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند لە ”نادر کەریمی پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بووە و دوای گەڕانەوە بۆ ماوەی چەند مانگ دەستبەسەر کرابوو.“

ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی نادر کەریمی ڕۆژی پێنج شەممە لە گوندەکە خۆیان واتە گوندی ”سیس“ بەڕێوە چووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە