لێبوردنی نێودەوڵەتی لێدانی قامچی لە هونەرمەندێکی کوردی شەرمەزار کرد

هەنگاو: ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لێدانی ١٠٠ قامچی لە هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی ئورمیە لەلایەن حکوومەتی ئێرانی شەرمەزار و وەکوو

١١ گەلاوێژ ٢٧١٩، ١٤:٠٥

 

هەنگاو: ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لێدانی ١٠٠ قامچی لە هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی ئورمیە لەلایەن حکوومەتی ئێرانی شەرمەزار و وەکوو جێخستنی دڕندەیی لە جیاتی یاسا ناو بردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بە توندی لێدانی سەد قامچی لە پەیمان میرزازادە، هونەرمەندی کوردی خەڵکی ئورمیەی مەحکوومی کردووە و لەو حوکمە وکوو ” جەزایەکی بێ بەزەییانە“ ناوی بردووە کە ”نێوەڕۆکی دژە مرۆڤی سیستەمی دادوەریی ئێران“ واتە ”جێخستنی دڕندەیی لە جیاتی یاسا“ زەق دەکاتەوە.

فیلیۆ لۆتەر، سەرۆکی توێژنیەوەکانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی گەلاوێژ، وێڕای شەرمەزار کردنی جێبەجێ کردنی ئەو حوکمە ڕایگەیاند کە ” هیچ پاساوێک بۆ لیدانی قامچی لە مرۆڤەکان بوونی نیە، سزای قامچی ڕاست وەکوو ئەشکەنجە وایە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەکوو تاوان بە ئەژمار دێت.

بەپێی ڕاپۆرتی  هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە (٦ی گەلاوێژی ٢٧١٩ / ٢٨ی ژوئیەی ٢٠١٩)، حوکمی لێدانی ١٠٠ قامچی پەیمان میرزازادە، هونەرمەندی لاوی خەڵکی ئورمیە لە یەکێک لە دادگاکانی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

ناوبراو نێوەڕاستی مانگی ڕابردوو بە تۆمەتی خوێندنی سروودی شۆڕشگێڕانە و لەبەر کردنی جل و بەرگی خەباتکارانی کورد، حوکمی ٢ ساڵ بەندکران و لێدانی ١٠٠ قامچی بە سەردا سەپابوو.

پەیمان میرزازادە کوڕی نورەدین و دانیشتووی گوندی گەنگەچینی ئورمیە، پاییزی ٢٠١٧ دەستبەسەر و دواتر حوکمی شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو دوای تەواوبوونی حوکمەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە