لێبوردنی نێودەوڵەتی لەمەڕ جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی رامین حوسێن پەناهی هۆشداریی دا

هەنگاو: رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە رامین حوسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری س

٢ جۆزەردان ٢٧١٨، ٢٣:٤٤

 

هەنگاو: رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە رامین حوسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە، لەمەڕ ئەگەری لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە سیاسییە هۆشداریی دا.

بەپێی راگەیندراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کە ئاماژە بە وتەی پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییە کراوە، حوکمی رامین لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتراست کراوەتەوە و رەوانەی دەفتەری جێبەجێ کردنی حوکمەکانی بەندیخانەی سنە کراوە و بڕیارە پاش کۆتایی هاتنی مانگی رەمەزان جێبەجێ بکرێ.

پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییە رۆژی ١٧ی مانگی مەی ٢٧ی بانەمەڕ رایگەیاندبوو کە دۆسیەی رامین رەوانەی دەفتەری جێبەجێ کردنی حوکمەکان لە بەندیخانەی شاری سنە کراوە.

بەرپرسانی بەندیخانەی شاری سنە رۆژی ٢٩ی بانەمەڕ بەو زیندانییە سیاسییە کوردەیان راگەیاندبوو کە ناوبراوە دوای مانگی رەمەزان کە لە ٢٤ی جۆزەردان کۆتایی دێ، لەسێدارە ئەدرێ.

بڕیار بوو کە حوکمی ئەو بەندکراوە سیاسیە ١٣ی مانگی بانەمەڕ بەڕێوە بچی، بەڵام بە هۆکارگەلێك کە بەرپرسانی دەزگای قەزایی ئاماژەیان پێنەکردووە، وەدوا کەوت.

لێبوردنی نێونەتەوەیی هۆکاری دواکەوتنی ئەو حوکمەی بۆ ناڕەزایەتیی گشتی و رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی گەڕاندۆتەوە.

ئەو رێکخراوەیە راشیگەیاندووە کە رامین حوسیة پەناهی لە رەوتێکی بە تەواوەتی ناعادڵانەدا حوکمی لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندراوە و بۆیە دەبێ ئەو حەکمە هەڵبوەشیةدرێتەوە.

رامین حوسێن پەناهی رێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ٢٧١٧ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و رێکەوتی ٥ی رێبەندان کە تەنیا یەکجار دادگایی کرابوو، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە حوکمی لەسێدارە درانی بۆ بڕایەوە.

دەزگای قەزایی بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی، ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردەی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە کۆمەڵە و هەوڵدان دژی ئاسایشی حکوومەتی ئیسلامی بە سێدارە مەحکووم کردووە.

حوکمی لەسێدارە درانی رامین لە کاتێکدا پێی راگەیاندرا، کە ناوبراو سەرجەم تۆمەتەکانی وەکوو بەشداریی لە تێکهەڵچوونی چەکداریدا بە تەواوەتی رەت کردبوویەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە