لێدانی دەرزی هەڵە گیانی هاووڵاتییەکی کوردی لە ئورمیە ئەستاند + ئامار

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کورد لە ئورمیە بە هۆی لێدانی دەرزی هەڵە لەلایەن کادری دەرمانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارەوە گیانی لە دەست دا.

٢٢ گەلاوێژ ٢٧١٩، ٠٠:١٥

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کورد لە ئورمیە بە هۆی لێدانی دەرزی هەڵە لەلایەن کادری دەرمانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧١٩ (١١ی ئاگۆستی ٢٠١٩)، هاووڵاتییەکی خەڵکی قوتوور و دانیشتووی گەڕەکی ئیسلامئاوای ئورمیە بە ناوی ”محەمەد عەلیقولی لوو“ بە هۆی لێدانی دەرزی هەڵە گیانی لە دەست داوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، محەمەد نزیکەی ١٠ ڕۆژ پێش بە هۆی نەخۆشی گورچیلەوە سەردانی نەخۆشخانەی خومەینی شاری ئورمیەی کردووە و بە هۆی لێدانی دەرزی هەڵە تووشی جەڵتەی مێشک بووە و دواجار ڕۆژی یەکشەممە گیانی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە، بنەماڵەی ناوبراو ڕۆژی دووشەممە تەرمەکەیان وەرگرتووەتەوە و دوو ڕۆژ بوو کە بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە پیش نەخۆشخانە مانیان گرتبوو، بەڵام کەس وڵامیانی نەداوەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ٥ مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٨ هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە هۆی هەڵەی پزیشكی و لێدانی دەرزی هەڵە گیانیان لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە