لە بەندیخانەی ئورمیە بەندکراوێک گیانی لە دەست دا

هەنگاو: بەندکراوێکی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کە گومانی توشبوون بە پەتای کۆرۆنای لەسەر بوو، گیانی لە دەست دا.

٦ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٣:١٣



هەنگاو: بەندکراوێکی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کە گومانی توشبوون بە پەتای کۆرۆنای لەسەر بوو، گیانی لە دەست دا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (٢٥ی مارسی ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی بەندی ١٤ی بەندیخانەی ئورمیە بە ناوی ”حوسێن جەوادی“ تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی ئورمیە کە ماوەی ١٨ ساڵە لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە، بە هۆی پێڕانەگیشتنی پزیشکی و گومانی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانی لە دەست دا.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەو بەندکراوە لەلایەن کادری پزیشکییەوە ئیزۆلە و بۆ دەروەی بەندیخانە گوازراوەتەوە و هیچ کام لە فەرمانبەرانی بەندیخانە حازر نەبوون نزیکی بکەونەوە.


یەکێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی ئورمیە وێرای پشڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە بە وتەی هاوبەندییەکانی، ناوبراو نیشانەکانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنای هەبووە. بەو حاڵەشەوە بەرپرسانی بەندیخانە وتوویانە کە بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە گیانی لە دەست داوە.


لە بەندی ١٤ی بەندیخانەی ئورمیە زیاتر لە ٤٠٠ بەندکراو ڕاگیراو و هەنگاو دوو حەفتە پیش ڕایگەیاندبوو کە بەندکراوێکی ئەو بەندە بە ناوی ”ئارەش مورادی پوور“ بە هۆی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە.

هەنگاو پێشتر لەسەر وڵامدەرنەبوونی بەرپرسانی دادوەری و بەندیخانەی ئورمیە لەسەر دۆخی پزیشکی بەندیخانە و گشتگیربوونی پەتای کۆرۆنا هوشداری دابوو.


بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانیکەم ١٥ بەندکراو و فەرمانبەرێکی بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازراونەتەوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە