لە حەفتەیەک دا شەش هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە جێبەجێ کرا و بەمەش لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا ٦ هاووڵاتی کورد لە سێدارە دراون.

١ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١١:١١


هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە جێبەجێ کرا و بەمەش لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا ٦ هاووڵاتی کورد لە سێدارە دراون.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٠(٢٢ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی هاووڵاتیەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی”کامیل قادری ئەقدەم” لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە جێبەجێ کرا.


کامیل قادری ئەقدەم خەڵکی گوندی دێڵزێ سەر بە شاری پیرانشار بووە و دوو ساڵە پێش ئێستا بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەستی کەسێک بە ناوی “شۆرش قوبادیان” دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری حکومەتی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.


هەواڵنێری هەنگاو ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو بەشێک لە چالاکانی مەدەنی پیرانشار بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراوەکە و بەخشینی کامیل لە پێش بەندیخانەی نەغەدە کۆ بوونەتەوە، بەڵام نەیاتوانی ڕەزامەندیی ئەو بنەماڵە وەربگرن.


بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٦ هاووڵاتی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان، ئورمیە و نەغەدە لە سێدارە دراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە