لە سنە هاووڵاتییەک کەوتەبەر لێدان و کوتانی هێزە ئەمنییەکان و دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە لاوێکیان دەستبەسەر و وێڕای لێدان و کوتانی بێ ڕێزییەکی زۆریان پێ کردووە.

٣٠ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ٢٢:٤٤

 

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە لاوێکیان دەستبەسەر و وێڕای لێدان و کوتانی بێ ڕێزییەکی زۆریان پێ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (١٧ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لاوێکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی ”فەردین مەولوودی“ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات فەردین مەلوودییان لە ناو شەقام دەستبەسەر کردووە و لەپێش چاوی خەڵک لێیان داوە و بێ ڕێزییان پێ کردووە. دەستبەسەر کران و بێ ڕێزی بە ناوبراو لە حاڵێکدایە کە ناوبراو لەباری دەروونییەوە تەندروستی تەواو نیە.

فەردین مەلوودی، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (٥ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، لەلایەن لقی یەکەم دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”سەعیدی“  بە تۆمەتی ”هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران“ حوکمی ٣ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

ناوبراو پێشتر بۆ ماوەی چەند مانگ ئەندامی ئەو حیزبە بووە و دوای جیابوونەوە بۆ شاری سنە گەڕاوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە