لە سەردەشت تێکهەڵچوونی چەکداری هاتە ئاراوە

هەنگاو: شەوی ڕابردوو لە یەکێک لەگوندەکانی نزیک شاری سەردەشت تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزێکی کورد و سپای پاسداران هاتە ئاراوە.

٢٤ گەلاوێژ ٢٧١٨، ١٧:٠٥

 

هەنگاو: شەوی ڕابردوو لە یەکێک لەگوندەکانی نزیک شاری سەردەشت تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزێکی کورد و سپای پاسداران هاتە ئاراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“ شەوی سێشەممە (٢٣ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ١٤ی ئاگوستی ٢٠١٨)، لە نزیک گوندی دێواڵانی سەردەشت دوو تێکهەڵچوونی چەکداری هاتووەتە ئاراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزێکی کوردی هێرشی کردووەتە سەر پاسگای گوندی دێواڵان و لە پشتی ئەو گوندەش تێکهەڵچوونێکی دیکە هاتووەتە ئاراوە.

هەواڵنێری هەنگاو لەوبارەوە ڕایگەیاند کە ٤ ئامبوڵانس ڕەوانەی شوێنی شەڕەکە کراوە و لانیکەم ٣ پاسدار بریندار بوون.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، میدیاکانی نزیک لە سپای پاسداران بێ دەنگییان لەو شەڕە کردووە و هیچ لایەنێکی کوردستانیش بەرپرسیارێتی ئەو شەڕەی بە ئەستۆ نەگرتووە.

لەلایەکی دیکەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەمڕؤ بەتەواوەتی ئەو ناوچەیەیان گەمارۆ داوە و لە گوندەکانی دێواڵان، زێوە، گەڵوو و شەمەشێخە قەدەغەکردنی هاتووچۆیان ڕاگەیاندووە و دەستیان کردووە بە پشکنینی ماڵەکان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە