لە شاری سەقز سەلەفییەکان چەند هاووڵاتیی مەدەنییان بریندار کرد

هەنگاو شەوی ڕابردوو گرووپێکی ئیسلامی توندئاژۆ کە دەوترێ سەر بە سەلەفییەکانن لە شاری سەقز بە چەقۆ و قەمە هەڵیانکوتایە سەر خەڵکی مەدەنی.

٢٥ بانەمەڕ ٢٧٢١، ٠٣:٣٥

 

هەنگاو شەوی ڕابردوو گرووپێکی ئیسلامی توندئاژۆ کە دەوترێ سەر بە سەلەفییەکانن لە شاری سەقز بە چەقۆ و قەمە هەڵیانکوتایە سەر خەڵکی مەدەنی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی هەینی ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (١٤ی مەی ٢٠٢١)، لە جادەی “مەل قەڕەنی” سەقز گرووپێکی سەلەفی بە بیانووی خواردنی مەشرووب بە چەقۆ و قەمە هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەسێک و بە سەختی برینداریان کردوون.

سەرچاوەکانی هەنگاو لە سەقز پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە ئاکامی ئەو هێرشەدا چەند کەسی مەدەنی بە سەختی بریندار بوون کە باری تەندروستی یەکێکیان بە ناوی “هاوڕێ مەلەکی” ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

هەتا ئێستا ناسنامەی هاوڕێ مەلەکی و چوار کەسی دیکە بە ناوەکانی شەهرووز کۆهزادی، سەلمان نەقشبەندی، مێهرداد کەریمی و سالار ئەسلەم بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە و وەک باس دەکرێت چەند کەس لە سەلەفییەکانیش بریندارن کە سەرجەمیان لە نەخۆشخانەی خومەینی ئەو شارە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

ماوەیەک پێش ئێستاش گرووپە سەلەفییەکان لە گەڕەکی دارسێرانی مەریوان هەر بەم بیانووە هێرشیان کردبووە سەر خەڵک و دوو کەسیان بریندار کردبوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەوی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان لە نەخۆشخانەی خومەینی سەقز جێگیر کراون و ئیزنیان نەداوە کە کەس لەگەڵ بریندارەکان چاوپێکەوتنی هەبێت.

هاووڵاتییەک کە لە نزیکەوە ئەو ڕووداوەی بینیوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی شەڕەکە وتی کە ئەو کەسانە پێشتریش هەڕەشەیان لە من کردووە و وتوویانە کە “سەرت لە جەستەت جیا دەکەینەوە”.

جێگای ئاماژەیە کە گرووپە توندڕەوە ئسیلامییەکان لە کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە بەرانبەر حیزبە نەتەوەیی، دێموراسیخواز و سکۆلارەکانی کوردستان بە پشتیوانی بەشێک لە ناوەندە ئەمنییەکان لە شارەکانی کوردستان بەردەوام هەوڵی نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێیان داوە بە جۆرێک لە بە ئاشکرا توندوتیژییان بە کار هێناوە بەڵام دەسەڵات هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە