لە شاری شنۆ هێرش کرایە سەر دوو پایگای سپای پاسداران

هەنگاو: دوو پایگای سپای پاسداران لە شاری شنۆ کەوتە بەر هێرشی حیزبە کوردستانییەکان.

١٢ گەلاوێژ ٢٧١٨، ١٢:٤٠

 

هەنگاو: دوو پایگای سپای پاسداران لە شاری شنۆ کەوتە بەر هێرشی حیزبە کوردستانییەکان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، کاتژمێر ١٠ی شەوی پێنج شەممە (١١ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ٢ی ئاگۆستی ٢٠١٨)، لەلایەن گرووپێکی چەکدارییەوە بە چەلی سووک و نارنجۆک پەلامار پایگای گوندی سینگان سەر بە شاری شنۆ دراوە.

کاتژمێرێک دوای ئەو هێرشە، گرووپی پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە گرووپێکی چەکدار و نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) بە ئەژمار دێت، بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان گرتە ئەستۆ.

هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر زیانی گیانی لەو شەڕەدا بڵاو نەکراوەتەوە و بە پێی ڕاگەیەندراوێک کە ئەو گرووپەی نزیک لە حدک بڵاویان کردوەتەوە، تەنیا باس لە زیانی ماڵی کراوە.

لەلایەکی دیکەوە و هاوکات، گرووپێکی چەکداریی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر پادگانی سەربازیی سپا لە گەڕەکی شاکرئاوای شنۆ.

ئەو هێرشە ماوەی چەند خولەکی خایاندووە. هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر زیانەکانی ئەو هێرشە بڵاو نەکراوەتەوە و هیچ گرووپێکیش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی بە ئەستۆ نەگرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە