لە شارەکانی تیکاب، سایین قەڵا و میاندواو ١٠ کەس دەستبەسەر کران

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سەپۆلێکی بەربڵاوی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتیانی کورد لە شارەکانی میاندوا، تیکاب و سایین قەڵا دەستی پێکردووە.

٢٤ پووشپەڕ ٢٧١٩، ١٧:٥٣

 

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سەپۆلێکی بەربڵاوی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتیانی کورد لە شارەکانی میاندوا، تیکاب و سایین قەڵا دەستی پێکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هیزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سایین قەڵا ڕۆژی هەینی (٢١ی پووشپەڕی ٢٧١٩ / ١٢ی ژوئیەی ٢٠١٩)، هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی قانزالی و دوو کەسیان بە ناوەکانی ”ڕەحیم ئەحمەدپوور“ و ”ئەمیر تاپۆ“ دەستبەسەر کردووە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە (١٩ی پووشپەڕ / ١٠ی ژوئیە) هاووڵاتییەک بە ناوی ”بەهمەن خوسرەوی“ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەو کەسانە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوشدا پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی سایین قەڵا بە ناوەکانی مەحموود سەبوور، مەحموود قسمەتی، عەلی ئیبراهیمی، خالید ڕەحیمی و عەلی شیری دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی ڕابردووش لە شاری میاندواو دوو برا بەناوەکانی ”کەیوان و ئاوات بێهرووزی“ هەر بەو تۆمەتە دەستبەسەر کراون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە