لە مانگی سەرماوەزدا ١٠ کۆڵبەر کوژراون

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردووی هەتاوییدا ٢٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون.

١ بەفرانبار ٢٧١٩، ١٥:٣٦

 

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردووی هەتاوییدا ٢٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٢٢ی سێپتامبری ٢٠١٩)، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی گوێزەکوێرەی شاری سەقز بە ناوی ”کەیهان ئەکرەم پووڕ“  کە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانان (١٥ی سێپتامبر لە سنووری سێفی ئەو شارە بریندار کرابوو، پاش سێ مانگ بە هۆی کاری بوونی برینەکانیەوە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سنە گیانی لە دەست دا.

لەلایەکی دیکەوە، کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شاری خۆی بە ناوی ”حەمید عابد“ کوڕی ڕەزا لە سنووری ئەو شارە و کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ”هیوا سدیق زادە“ لە سنوورەکانی سەردەشت بریندار بوون کە هردوویان بە مەبەستی چارەسەریی پزیشكی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە گوازراونەتەوە.

نێوڕاستی مانگی سەرماوز دوو کۆڵبەری دیکەی خەڵکی شارەکانی سەردەشت و پیرانشار بە ناوەلانی ”هیدایەت مەحموودی“ و ”عەلی سابری“ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا لانیکەم ٢٣ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی کە ١٠ کەسیان گیانیان لە دەست داوە. ١٨ حاڵەت لەو ٢٣ حاڵەتە واتە ٧٨٪ی کۆی حاڵەتەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە