لە ماوەی ساڵی ٢٧١٩ی کوردی ٥٦ هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون

هەنگاو: لە ماوەی ساڵی ڕابردووی کوردی (ساڵی ٩٨ی هەتاوی) لانیکەم ٥٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە بە بەراورد لەگەڵی ساڵی پێ

٢٩ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٢:٣٤


هەنگاو: لە ماوەی ساڵی ڕابردووی کوردی (ساڵی ٩٨ی هەتاوی) لانیکەم ٥٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە بە بەراورد لەگەڵی ساڵی پێشووتر زیاتر لە ١٢٪ کەمی کردووە.


بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ٢٧١٩ی کوردی، لانیکەم ٥٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون. ئەم ئامارە بە بەراورد ساڵی ٢٧١٨ کە تێیدا ٦٣ هاووڵاتیی کورد لەسێدارە درابوون، ١٢.٥ کەمی کردووە.


بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ساڵی ڕابردوو حوکمی سێدارەی ٤ ژنی کورد بە ناوەکانی مەلێحە ساڵحیان، ئاراستە ڕەنجبەر، نازدار وەتەنخا و لەیلا زەرئەفشان لە بەندیخانەکانی مەهاباد، ئورمیە (٢ حاڵەت) و سنە جێبەجێ کراوە.


هەروەها، دوو لاوی خەڵکی سونقوڕ و بۆکان بە ناوەکانی حەمید ئەوسەتی و ئەمیر مەحموودپور کە لە تەمەنی ١٨ ساڵی تووشی تاوان ببوون، لە بەندیخانەکانی کرماشان و بۆکان لەسێدارە دراون.


سێ هاووڵاتیش کە تەمەنیان سەرووی ٥٠ ساڵ بووە بە ناوەکانی عالەم کەریمی تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی سنە، حەسەن کەچنانلوو تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی خۆی و عەبدوڵڵامحەمەدزادە تەمەن ٧٠ ساڵ و خەڵکی ئورمیە ساڵی ڕابردوو لە بەندیخانەکانی سنە و ئورمیە لەسێدارە دراون.



جیاکردنەوە بە پێی تۆمەتەکان
لە ماوەی ساڵی ڕابردوو زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست (٨٩٪) ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپاوە و هیچ بەندکراوێک بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەزهەبی لەسێدارە نەدراوە.


کوشتنی ئەنقەست: ٥٠ حاڵەت کە دەکاتە ٨٩٪ی کۆی حاڵەتەکان
بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان: ٦ حاڵەت کە دەکاتە ١١٪ی کۆی حاڵەتەکان


جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان
پارێزگای ئورمیە: ٢٢ حاڵەت
پارێزگای کرماشان:١٥ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ٧ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ٥ حاڵەت
پارێزگای سنە: ٥ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی باکوور: ٢ حاڵەت

زۆربەی ئەو بەندکراوانە کە ١٨ حاڵەت بووە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دراون. لە بەندیخانەی کرماشان ١٢ کەس، لە بەندیخانەکانی سنە و ئیلام هەر کام ٥ کەس، لە بەندیخانەی برووجێرد ٦ کەس لەسێدارە دراون و باقی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی قوم، مەراغە، مەشهەد، بەندەرعەناس، ڕەجایی شاری کەرەج، مەهاباد، سەڵماس و زەنجان لەسێدارە دراون.


ساڵی ڕابردوو بە ندکراوێک بە ناوی ”وەیس عەلی پوور“ لە بەندیخانەی مەهاباد و لەپێش چاوی باقی بەندکراوان لەسێدارە دراوە. بەرپرسانی بەندیخانە بە مەبەستی سزا دان بەندکراوانیان ناچار کردوە کە لەکاتی جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی ناوبراو، چاوی لێبکەن.

کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە ناوی سەرچاوە، ڕێگەپێدراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە