لە مەریوان سەلەفییەکان بە چەقۆ لاوێکی دیکەیان بە سەختی بریندار کرد

هەنگاو: لە درێژی تێکهەڵچوونەکانی چەند حەوتووی ڕابردوو لەنێوان گرووپە سەلەفییەکان و هاووڵاتیانی مەدەنی لە شارەکانی سەقز و مەریوان، لاوێکی دیکە

٢٨ بانەمەڕ ٢٧٢١، ١١:١٧

 

هەنگاو: لە درێژی تێکهەڵچوونەکانی چەند حەوتووی ڕابردوو لەنێوان گرووپە سەلەفییەکان و هاووڵاتیانی مەدەنی لە شارەکانی سەقز و مەریوان، لاوێکی دیکەی خەڵکی مەریوان لەلایەن ئەو گرووپانەوە کەوتە  بەر پەلامار و بە سەختی بریندار بوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (١٧ی مەی ٢٠٢١)، چەند کەسی سەلەفی لە گەڕەکی “چوارباخی” مەریوان لاوێکیان بە ناوی “شێرزاد” داوەتە بەر پەلامار و بە چەقۆ و قەمە بە سەختی برینداریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شیرزاد بە سەختی بریدنار بووە و لەلایەن خەڵکەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی “بووحەلی’ و لەوێش چەند کەس لە سەفەییەکان هەوڵیان داوە کە بچنە ناو نەخۆشخانەکە و هاواریان کردووە کە ”ناوبراو کافرە و دەبێ بکوژرێت” کە خەڵک بەرەوڕوویان بوونەتەوە.

شێرزاد دوێنێشەو نەشتەرگەری بۆ کراوە و بە وتەی پزیشکەکان پێویستی بە نەشتەرگەری دیکەش هەیە.

لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا گرووپە سەلەفییەکان لە شارەکانی سەقز و مەریوان چەند جار هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک. ئەم گرووپانە کەناڵی ئیستاگرامی و تێلێگرامیان داناوە و بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتن لە هاووڵاتیانی مەدەنی دەکەن.

جێگای ئاماژەیە سەرباری ئەوەی کە ناوەندە ئەمنییەکان لە شارەکانی کوردستان کەشێکی ئەمنییان زاڵ کردووە، بەڵام بە کردەوە هیچ هەنگاوێکیان هەلنەگرتووەەوە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم گرووپانە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە