لە مەریوان هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دەستبەسەرکراوێک و دەستیان بەسەر مۆبایلی هاوژینەکەیدا گرت

هەنگاو: دوو ڕۆژ لەمەوبەر هێزە ئەمنییەکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی "جەباری پیرووز"، کە یەکێکە لە دەستبەسەرکراوانی ئەم دوایییەی مەریوان و

٢٦ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٨:٣٥

 

هەنگاو: دوو ڕۆژ لەمەوبەر هێزە ئەمنییەکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی "جەباری پیرووز"، کە یەکێکە لە دەستبەسەرکراوانی ئەم دوایییەی مەریوان و سووکایەتییەکی زۆریان بە بنەماڵەکەی کردووە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی بەفرانباری ۲۷۲۰ (١٣ی ژانویە ۲۰۲۱)، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەریوان، بە بێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی جەباری پیرووزی و ماڵی ناوبراویان پشکنیوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی پیرووزی، ئەم هێزانە بە هەڕەشە و هەڵسوکەوتی نەشیاو بەرانبەر بە سەیران ئەحمەدی، هاوژینی جەبار، دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە و هیچ وڵامێکیان بە ناڕەزایی دەربڕینەکانی نەداوەتەوە.

جەبار پیرووزی خەڵکی گوندی سەردۆشی مەریوان، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار (٩ی ژانویە)، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ سنە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، جەبار پیرووزی تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێرانی خراوەتە پاڵ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە