لە مەریوان و شنۆ تێکهەڵچوونی چەکداری هاتە ئاراوە

هەنگاو: لە شارەکانی شنۆ سەر بە پارێزگای ئورمیە و مەریوان سەر بە پارێزگای سنە، لەنێوان دوو هێزی کوردستانی و هێزەکانی سپای پاسداران تێکه.

٤ خەرمانان ٢٧١٨، ٢٣:٣٣

 

هەنگاو: لە شارەکانی شنۆ سەر بە پارێزگای ئورمیە و مەریوان سەر بە پارێزگای سنە، لەنێوان دوو هێزی کوردستانی و هێزەکانی سپای پاسداران تێکهەڵچوونی چەکدارانە هاتە ئاراوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە (٣ی خەرمانانی ٢٧١٨ی کوردی / ٢٥ی ئاگوستی ٢٠١٨)، گرووپێکی سەر یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان لە نێوان گوندەکانی کاڵ و ولەژێری مەریوان کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسداران و لەئاکامدا دوو پێشمەرگە، کە دەوترێت پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوون، گیانیان لە دەست داوە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەتا ئێستا ئەو تێکهەڵچوونەی بە فەرمی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە (٤ی خەرمانان/ ٢٦ی ئاگوست)، لە کوێستانەکانی کێلەشینی شنۆ بۆ ماوەی یەک کاتژمێر (١ بۆ ٢ی بەرەبەیان) تێکهەڵچوونێکی قورس لە نێوان یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان و سپای پاسداران هاتووەتە ئاراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە لەئاکامی ئەو تێکهەڵچوونەدام ئەندامێکی سپای پاسداران کە بە قەناسە پێکراوە، کوژراوە و تەرمەکەی ڕوانەی ئورمیە کراوە.

ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا ڕایگەیاند، کە ئەو تێکهەڵچوونە لەنێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سپای پاسداران ڕووی داوە، بەڵام هەتا ئێستا نە حدکا و نە میدیاکانی سپای پاسداران لەسەر ئەو شەڕە هیچیان بڵاو نەکردووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە