لە مەریوان پیاوێک هاوژینەکەی خۆی کوشت

هەنگاو: تەرمی ژنێکی خەڵکی مەریوان کە بەدەستی هاوژینەکەی کوژرابوو، لە بیرێکی ئاو و ئاوەڕۆ دۆزیرایەوە.

١٦ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٠:٣٧

 

هەنگاو: تەرمی ژنێکی خەڵکی مەریوان کە بەدەستی هاوژینەکەی کوژرابوو، لە بیرێکی ئاو و ئاوەڕۆ دۆزیرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٥ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، تەرمی ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵ بە ناوی “مونیرە قادری” کە حەوتووی ڕابردوو ون بببوو، لە بیرێکی ئاو و ئاوەڕۆی گوندی “چۆڕ” سەر بە شاری مەریوان دۆزیرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مونیرە قادری خەڵکی گوندی “کۆڵان” بووە و ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژ (١ی ئاگۆست) لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی “ئیبراهیم . ف” بە هۆی کێشە لە سەر زێڕەکانیان کوژراوە. مونیرە کەرەستەیەکی سەخت بەر سەری کەوتووە و گیانی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە، ئیبراهیم دوای کوشتنی مونیرە لەناو خزمەکانی دەنگۆی ئەوەی بڵاو کردووەتەوە کە مونیرە زێڕەکانی بردووە و هەڵاتووە.

جێگای ئاماژەیە کە ئیبراهیم دوای دۆزرانەوەی تەرمی مونیرە دانی بە کوشتنی ناوبراودا ناوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم ٧ ژن لەشارەکانی سنە، سەردەشت و مەریوان بە دەستی کەس و کاری خۆیان کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە