لە ئورمیە و سنە دوو بەندکراو بە شێوەی کاتی و بە بارمتە ئازاد بوون

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئورمیە و سنە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، بە دانا

١ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٥:٣٠

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئورمیە و سنە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانە ئازاد بوون.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٢١ی دێسامبەری ٢٠٢٠)، بێهزاد تەڵایی خەڵکی ئورمیە کە سەرەتای ڕەزبەری ئەمساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە، بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی دەستبەسەر کرابوو، پاش سێ مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

بێهزاد تەڵایی، تەمەن ٢٧ ساڵ، لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ئەمساڵدا دەستبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەر (١٤ی ئۆکتۆبر) لەگەڵ دوو کەسی هاودۆسیەی بە ناوەکانی سیاوەش جەوان و فەرشاد فەتاحی، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

لە لایەکی دیکەوە "وەلی قلووزی"، هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی سنە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی سەرماوەز (٢٠ی دێسامبەر)، پاش ٢١ ڕۆژ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد بووە.

وەلی قلووزی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە