لە پارێزگای کرماشان ٣٤ کەس گیانیان لە دەست داوە

هەنگاو: لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی ڕۆژی سێشەممەی کرماشان، یەکێکی دیکە لە خۆپێشاندەران بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لە دەست داوە.

١ سەرماوەز ٢٧١٩، ١٢:٠١

 

هەنگاو: لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی ڕۆژی سێشەممەی کرماشان، یەکێکی دیکە لە خۆپێشاندەران بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لە دەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (١٩ی نۆڤەمبری ٢٠١٩)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کرماشان تەقەیان لە خەڵکی کرماشان کردووە کە بۆ چوارەمین ڕۆژی یەک لە دوای یەک هاتبوونە سەر شەقام و لەئەنجامدا خۆپێشاندەرێک بە ناوی ”یونس عزەتی“ گیانی لە دەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کرماشانەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بۆ هەنگاو ڕایگەیاند کە، هێزە ئەمنییەکان وتوویانە کە یونس عزەتی یەکێک لە سەرکردەکانی خۆپێشاندەران بووە.

لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕێ حکوومەتی ”ڕوکنا“ گیان لە دەستدانی یونس عزەتی پشتڕاست کردووەتەوە.

بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بە هەنگاو گەیشتووە، لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی حەفتەی ڕابردووی پارێزگای کرماشاندا، سەرجەم ٣٤ خۆپێشاندەر لە شارەکانی جوانڕۆ و کرماشان گیانیان لە دەست داوە.

هەنگاو هەوڵ دەدات لە ڕاپۆرتەکانی داهاتوودا زانیاری تەواو لەوبارەوە بڵاو بکاتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە