لە پاوە و بانە چوار مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ دەستبەسەر کران

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا جوار مێرمنداڵی خەڵکی شارەکانی پاوە و بانە لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی

١٧ بەفرانبار ٢٧١٨، ٢٣:٢٩

 

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا جوار مێرمنداڵی خەڵکی شارەکانی پاوە و بانە لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە (١٥ی بەفرانباری ٢٧١٨ / ٥ی ژانویەی ٢٠١٨)، میرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی پاوە بە ناوی ”زانیاری قادرپوور“ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ کرماشان گوازراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، زانیار ماوەیەکی کورت پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بووە و دوای پاکانە حساب لەگەڵ ئەو حیزبە، ڕۆژی شەممە گەڕاوەتەوە بۆ پاوە و خۆی ڕادەست کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی بانە بە ناوی “میلاد ڕەحیمی” بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازراوەتەوە.

هەروەها، سەرەتای مانگی ژانویەی ئەمساڵ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دوو مێرمنداڵی خەڵکی گوندی کانی سووری ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری بانە ناسنامەی ئەو دوو مێرمنداڵەی کە هەردوویان ١٧ ساڵ تەمەنیان هەبووە ”بارزان بابەکری“ و ”مێهدی کانی سووری“ ڕاگەیاندووە.

ئەو دوو مێرمنداڵە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێرن دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە