لە ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەی ئورمیە ١٥ بەندکراو بریندار بوون

٦ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٢:٤٩

 

هەنگاو: دوای ئەوەی ڕۆژی ڕابردوو لە بەندیخانەی ئورمیە بەندکراوێک ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا لە ئاکامدا تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوان و هێزە ئەمنییەکانی لێکەوتەوە، لانیکەم ١٥ بەندکراو بریندار و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی ڕابردوو دو دوای ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندەکانی ١، ٢،٣،و ٤ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کە دوای ئەوەی بەندکراوێک ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، سەری هەڵدا، لانیکەم ١٥ بەندکراو کە لەلایەن گاردی تایبەتی دژە شۆڕشی بەندیخانەوە کەوتبوونە بەر لێدان و کوتان و بە سەختی بریندار کرابوون، بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازراونەتەوە.

سەرچاوەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیە لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، هەموو پەیوەندییە تەلەفوونییەکانی بەندیخانە داخراون هەتا هەواڵەکانی تایبەت بەم ڕاپەڕینە درز نەکاتە دەرەوە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی ئەو ١٥ بەندکراوە بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە و دیار نیە کە بۆ کام ناوەندی دەرمانی گوازراونەتەوە. جێگای ئاماژەیە کە چەندین بەندکراویش هەر لە بێهداری بەندیخانە چارەسەرییان بۆ کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ۵ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، بەندکراوێک بە ناوی "حوجەت کازم نژاد"، بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە ئازاد نەکرانی پاش تێپەڕاندنی سزای یەک ساڵ بەندکرانی دوو جار ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و  لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کەوتە بەر لێدان و ئەمەش بوو بە هۆی کاردانەوەی بەندکراوانی دیکە و شەڕ و تێکهەڵچوونیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان.
دوای ئەو تێکهەڵچوونە دەیان کەس لە هێزەکانی گاردی تایبەت ڕژانە ناو  ئەو بەندانە لە زیاتر لە ١٠٠٠ بەندکراوی تێدا ڕاگیراوە و دەستیان کرد بە لێدان و کوتانیان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە