لە یەک حەفتەدا ٨ کەس لە پارێزگای سنە دەستبەسەر کراون

هەنگاو: دوای دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری سنە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەماوە حەفتەی ڕابردوودا لەو پارێزگایە دەستبەسەر کراون گەیشتە هەشت کەس.

٢ ڕەشەمە ٢٧١٨، ١٢:١٢

 

هەنگاو: دوای دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری سنە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەماوە حەفتەی ڕابردوودا لەو پارێزگایە دەستبەسەر کراون گەیشتە هەشت کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە (٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ / ١٩ی فێوریەی ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ”سەلمان عابدی“ و دەستبەسەریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەڵمان عابدی بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراوە و لەکاتی دەستبەسەر کران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دراوەتە بەر لێدان و کوتان و بێ ڕێزی پێ کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٨ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای سنە کە خەڵکی شارەکانی سنە، مەریوان و سەقز بوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

پێشتر هەنگاو هەواڵی دەستبەسەر کرانی هەر یەک لە شاهۆ فەرەجی، ئیقباڵ شەحبانی، ئارمان وەفایی، ئارام بەهرامی، ئەفشین شەیخولئیسلامی، ئیرەج ڕەحیم زادە و زەکریا نەقشبەندی بڵاو کردبوویەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە