لە یەک ساڵدا ١٤٠٠ هاووڵاتیی کورد هەوڵی خۆکوشتنیان داوە

هەنگاو: بە پێی ئاماری فەرمیی ناوەندێکی ئێرانی ساڵی ڕابردووی هەتاوی نزیکەی ١٤٠٠ هاووڵاتیی کورد هەوڵی خۆکوشتنیان داوە .

٣٠ گەلاوێژ ٢٧١٨، ١٥:٣٩

 

هەنگاو: بە پێی ئاماری فەرمیی ناوەندێکی ئێرانی ساڵی ڕابردووی هەتاوی نزیکەی ١٤٠٠ هاووڵاتیی کورد هەوڵی خۆکوشتنیان داوە کە دەکاتە سەدا ٢٨ی  ئەو ئامارەی کە لە سەرانسەری ئێراندا تۆمار کراوە.

بە پێی ئامارێک کە ئومید موحەدس، سەرۆکی بنکەی چاوەدێری و هاوئاهەنگی کاروباری لاوانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە،لە ماوەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی (٢٧١٧ی کوردی) ٤٩٩٢ حاڵەتی هەوڵدان بۆ خۆکوشتن لە ئێراندا تۆمار کراوە.

بە پێی ئەو ئامارەی کە لەلایەن ئەو ڕێکخراوەیەوە بڵاو کراوەتەوە، تەنیا لە پێنج پارێزگای کوردستان؛ واتە ئیلام، کرماشان، لووڕستان، سنە و  ئورمیە ١٣٩٥ حاڵەتی هەوڵدان بۆ خۆکوشتن تۆمار کراوە کە دەکاتە ٢٨٪ هەموو ئەو حاڵەتانەی کە لەئێران تۆمار کراون.

پارێزگای ئیلام کە ٥٥٠ هەزار حەشێمەتی هەیە و بە کەم حەشیمەت ترین پارێزگای ئێران ناسراوە، زیاترین هەوڵی خۆکوشتنی تێدا تۆمار کراوە. لە ماوەی ساڵێکدا ٨٠٠ حاڵەتی هەوڵدان بۆ خۆکوشتن لە ئیلام تۆمار کراوە.

دوای پارێزگای ئیلام، پارێزگاکانی کرماشان و ئورمیە بە ٢٠٩ حاڵەت و ١٥١ حاڵەت لە ریزی شەشەم و دەیەم جێیان گرتووە. هەروەها لوڕستان بە ١٣٥ حاڵەت و سنەش بە ١٠٠ حاڵەت لە ریزی دوازدە و چواردەهەم جێیان گرتووە.

لە کۆی ئەو ١٣٩٥ کەسەی کە لە کوردستان هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، ٥٧٠ کەسیان ژن و ٨٢٥ کەسیان پیاو بوون.

خۆکوشتنی ژنان لە پارێزگای ئیلامدا بە نیسبەت پیاوان زیاتر بووە و لە ٤ پارێزگای دیکە خۆکوشتنی پیاوان زیاتر بووە.

لەپارێزگای ئیلام ٤٠٧ ژن، کرماشان ٦٧ ژن، ئورمیە ٣٣ ژن، سنە ٣٢ ژن و لوڕستانیش ٣١ ژن لەو ماوەیەدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هەژاری و بێکاری دوو هۆکاری سەرەکی خۆکوشتن بوون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە