لەسێدارە دانی ١٣ هاووڵاتیی کورد لە مانگی ئاوریلی ٢٠٢٠ دا

هەنگاو: ژمارەی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە مانگی ڕابردووی زایینی لە کوردستان لەسێدارە دراون، زیاتر بووە لە کۆی لە سێدارە دراوانی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ.

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٠٩:٣٦


هەنگاو: ژمارەی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە مانگی ڕابردووی زایینی لە کوردستان لەسێدارە دراون، زیاتر بووە لە کۆی لە سێدارە دراوانی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاوریلی ٢٠٢٠ دا، حوکمی سێدارەی لانیکەم ١٣ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان، برووجێرد، سنە و ئورمیە جێبەجێ کراوە.


لە کۆی ئەو سێزدە کەسە کە لە سێدارە دراون و ناسنامەی تەواویان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، کەسێک بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، کەسێک بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان و ١١ کەسی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست (قەتڵ) دەستبەسەر و حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.


هەروەها، زیاترین ژمارەی لەسێدارەدانی هاووڵاتیان کە ٨ حاڵەت بووە، لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە. دوو کەس لە کرماشان، دوو کەس لە ئورمیە و کەسێکیش لە لوڕستان لەسێدارە دراون.


بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە لانیکەم ٢٥ هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون. لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ ١٢ حاڵەت و لە مانگی چوارەم ١٣ حاڵەت تۆمار کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە