لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشە لە پارێزەرێکی بۆکانی دەکرێت

هەنگاو: پارێزەرێکی خەڵکی بۆکان کە هاوکات چالاکی ژینگەپارێزیشە لەلایەن لەلایەن کەسانێکەوە کە خۆیان بە ئەندامی ناوەندە .

٨ خەزەڵوەر ٢٧١٨، ٢٢:٥١

 

هەنگاو: پارێزەرێکی خەڵکی بۆکان کە هاوکات چالاکی ژینگەپارێزیشە لەلایەن لەلایەن کەسانێکەوە کە خۆیان بە ئەندامی ناوەندە ئەمنییەکان دەناسێنن هەڕەشەی لێکراوە و داوای وازهێنانی ناوبراویان لە چالاکی ژینگەپارێزی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕابردوودا ئارەش فاتحی بۆکانی پارێزەری پایە یەک و چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی بۆکان بە شێوەی جۆراوجۆر لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی لێکراوە و داوایان لێکردووە کە واز لە چالاکی ژینگەپارێزی و مەدەنی بێنێت و ئەگەر ئەو کارە نەکا ئەوا ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.

ئەو کەسانە کە هەڕەشەیان لە ناوبراو کردووە خۆیان بە ئەندامی ناوەندە ئەمنییەکان ناساندووە.

ئارەش فاتحی بۆکانی پێشووتر چەندین دۆسیەی بە دژی کاولکاری ژینگەیی شارەوانی و شۆڕای شاری بۆکان، لە دادگای ئەو شارە تۆمار کردووە و بەدواداچوونی لەسەر ژینگە و مافی هاووڵاتییانی بۆکان کردووە خۆبەخشانە پارێزەری دەیان بەندکراوی سیاسی و چالاکی مەدەنی وەئەستۆ گرتووە.

ناوبراو وێڕای پارێزەری  وەکوو ژینگەپارێزیش چالاکی دەکات. 

لەماوەی ڕابردوودا گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر ئەندامانی  ڕێکخراوە ژینگە پارێزییەکان زیادی کردووە و مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ دوو کەسی ژینگە پارێز حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها ژینگەپارێزێکی دیکەی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی فەرهاد لوتفی بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە ناچار بوو زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە