مامۆستا میرزا محەمەد ڕەحمانی بە بارمتە ئازاد کرا

هەنگاو: یەکێک لەو مامۆستایانەی کە لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد وتاری خوێندبوو و دەستبەسەر کرابوو، بە بارمتە ئازاد کرا.

٢١ بەفرانبار ٢٧٢١، ٢١:٤٥

 

هەنگاو: یەکێک لەو مامۆستایانەی کە لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد وتاری خوێندبوو و دەستبەسەر کرابوو، بە بارمتە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١١ی ژانویەی ٢٠٢٢)، مەلا میرزا محەمەد ڕەحمانی مامۆستای ئایینی ناسراوی خەڵکی کامێران کە دوای  خوێندنی وتارێک لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی کورد دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ڕەحمانی، مەلا محەمەد بە دانانی تابۆی ماڵەکەی خۆی ئازاد کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم مامۆستا کوردە لە ماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەل بنەماڵەکەی و هەروەها هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.

ئەم مامۆستا کوردە ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٢٢ی دێسامبری ٢٠٢١) دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران دەستبەسەر کرابوو.

شایانی باسە محەمەد میرزا ڕەحمانی لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی حەیدەر قوربانی سەرەڕای شەرمەزارکردنی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە سیاسییە، بە نیسبەت بارودۆخی سیاسی کوردستان و زەوت کردنی مافی هاووڵاتییانی کورد لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە ناڕەزایەتی دەربڕیوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە