مامۆستایەکی دیک لە سنە دەستبەسەر کرا، لە ١١ مانگدا ١٠ مامۆستای کورد دەستبەسەر کراون

هەنگاو: مامۆستایەکی خانەنشینی خەڵک سنە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.

٢٦ ڕێبەندان ٢٧١٨، ٢٠:٠٩

 

هەنگاو: مامۆستایەکی خانەنشینی خەڵک سنە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە (٢١ی بەفرانباری ٢٧١٨ / ١١ی ژانویەی ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستایەکی خانەنشین کراو بە ناوی "کەماڵ حوسێن پەناهی" و دەستبەسەریان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەو مامۆستا خانەنشین کراوە بە هۆی ڕوانگەی مەزهەبی  ناوبراوەوە دەستبەر کراوە.

سەرەڕای تێپەڕ بوونی نزیک بە یەک حەفتە لە دەستبەسەر بوونی ئەو مامۆستا تەمەن ٥١ ساڵانە، چارەنووسی نادیارە و نازانرێت کە لە کوێ ڕاگیراوە.

کەماڵ حوسێن پەناهی پێشتر مامۆستای قۆناغی سەرەتایی  لە شاری سنە بووە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو لە سەرەتای ئەمساڵی کوردییەوە (٢٧١٨)، لانیکەم ١٠ مامۆستای قوتابخانە و مامۆستای زانکۆی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە