مامۆستایەکی مەهابادی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

مامۆستایەکی مەهابادی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

15:43 - 20 May 2019

 

هەنگاو: مامۆستایەکی قوتابخانە لە مەهاباد کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە (٣٠ بانەمەڕی ٢٧١٨ / ٢٠ی مەی ٢٠١٩)، یاسر ئەمینی ئازەر مامۆستای دەستبەسەر کراوی خەڵکی مەهاباد، بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تەنی و بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە، ئازاد کرا.

یاسر ئەمینی ئازەر، یەکێک لە مامۆستایانی بەشی ڕیازی (ماتماتیک) قوتابخانەکانی ناوەندیی مەهابادە کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٧ی بانەمەڕی ٢٧١٩ / ٧ی مەی ٢٠١٩)، دەستبەسەر کرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یاسر ئەمینی ئازەر ئەندامی مەکتەب قورئان بووە و بە تۆمەتی بەشداری لە مانگرتنەکانی ڕۆژی (١٢ی بانەمەڕ / ٢ی مەی)  و دوای ئەوەی ڕۆژی ڕابردوو لە قوتابخانە چووەتە دەرەوە، دەستبەسەر کرابوو.