مانگرتنی موژگان کاووسی لە خواردن درێژەی هەیە

هەنگاو: موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران مانی لە خواردن گرتووە و پاش ١١ ڕۆژ هێشتا بەردەوامە لە مانگرتنەکەی.

٢١ خەرمانان ٢٧٢٠، ١٠:٠٨

 

هەنگاو: موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران مانی لە خواردن گرتووە و پاش ١١ ڕۆژ هێشتا بەردەوامە لە مانگرتنەکەی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی خەڵکی کەلاردەشت کە ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران تێپەڕ دەکات ماوەی ١١ ڕۆژە کە مانی لە خواردن گرتووە و لە سەر مانگرنەکەی خۆی بەردەوامە.

 ئەو بەندکراوە کوردە ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (١ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێنەدانی مافی مرەخەسی و هەروەها هەڵاواردنی ڕەگەزی بۆ پەیوەندی بەندکراوەکان لەگەڵ بنەماڵەکانیان مانی لە خواردن گرتووە. وەک باس دەکرێت بەندکراوە پیاوەکان زیاتر دەتوانن پەیوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن. هەتا ئێستا بەرپرسانی بەندیخانە وڵامی داواکارییەکانی ناوبراویان نەداوەتەوە و ئەویش سوورە لە سەر درێژەدان بە مانگرتنەکەی.


موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی موژگان کاووسی بەڕێوە چووە و حوکمی بەندکرانی ناوبراو بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کراوە. ناوبراو مانگی سەرماوەز لەلایەن دادگای بەرایی شاری نۆشەهر بە ٦٩ مانگ بەندکران حوکم درابوو.


موژگان کاووسی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “ پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٦ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.


موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٩ی مەی ٢٠٢٠)، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نۆشەهر کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە