مانگرتن لەخواردنی سێ بەندکراوی سیاسی کورد درێژەی هەیە

هەنگاو: سێ بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندی لاوانی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون و حەوتووی پێش مانگرتن لەخواردنی خۆیان ڕاگەیان

٢٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٠:٤٦

 

هەنگاو: سێ بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندی لاوانی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون و حەوتووی پێش مانگرتن لەخواردنی خۆیان ڕاگەیاندووە، هێشتا مانگرتنەکەیان نەشکاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سێ بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە بە ناوەکانی کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی و ئومید سەعیدی لە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١٠ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ١٣ مانگ بەندکران و ناڕوونی چارەنووسیان لە بەندیخانەی ئورمیە و هەروەها جیا نکردنەوەی بەندکراوان بە پێی تۆمەتەکان لە بەندی لاوانی ئەو بەندیخانەیە، مانگرتن لەخواردنی خۆیان ڕاگەیاندووە و ئەمڕۆ نۆهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیان تێپەڕ دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە، ئەو سێ بەندکراوە لە دووهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیانەوە لەلایەن بەرپرسانی بەندیانە براونەتە ژووری تاکەکەسی و لە دۆخێکی نالەباردا ڕاگیراون. سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ژووری تاکەکەسی هیچ جۆرە ئامێرێکی گەرمکەرەوەی تێدا نیە و تەنانت ڕاخریشی نیە.

ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئورمیە بە ناوەکانی عەبدولعەزیز محەمەدپوور و نائیب حاجی پوور لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و پاش یەک مانگ لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پێنج هاووڵاتییە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێرانیان خراوەتە پاڵ.

ئەو سێ بەندکراوە پێشترش دوو جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕاگیرانیان لە بەندی لاوان و دژایەتی داواکاریەکەیان بە مەبەستی گوازرانەوە بۆ بەندی بەندکراوانی سیاسی، مانیان لە خواردن گرتبوو.

جێگای ئاماژەیە کە لەئێستا عەبدولعەزیز محەمەدپوور لە بەندی ٣ و نائیب حاجی پوور لە بەندی ١_٢ی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە