مانگرتنی بازاڕیانی بانە و جوانڕۆ لە دووهەمین ڕۆژی خۆیدا بەردەوامە

هەنگاو: بۆ جارێکی دیکە ئەمڕۆ دووشەممە خەڵکی شارەکانی بانە و جوانڕۆ لە هەمبەر دۆخی شپرزەی ئابووری و داخرانی سنوورەکاندا، دووکان و بازارەکانیان داخست.

٢٧ خاکەلێوە ٢٧١٨، ١٠:٤٤

 

هەنگاو: بۆ جارێکی دیکە ئەمڕۆ دووشەممە خەڵکی شارەکانی بانە و جوانڕۆ لە هەمبەر دۆخی شپرزەی ئابووری و داخرانی سنوورەکاندا، دووکان و بازارەکانیان داخست.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕێ مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، کاسبکار و دووکاندارانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ ئەمڕۆ دووشەممە (٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧١٨ / ١٦ ئاوریلی ٢٠١٨)، بۆ چەندەمین جار لە یەک مانگی ڕابردوودا مانگرتنیان ڕاگەیاند و دووکان و بازارەکانیان داخستووە.

بەپێی زانیارییەکان، داخستنی دووکان بازار لەلایەن کاسبکاران و خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و بانە، لە ئەنجامی ئەو دۆخە دژوارە ئابوورییەیە کە ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی گرتووەتەوە و ئەمەش بۆ داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکانی شارە سنوورەکان دەگەڕێتەوە کە سەرچاوەی بژیو و داهاتی بەشێک لە خەڵک و دابینکەری کەلوپەلی ئەو بازار و دووکانانەیە کە بەم بۆنەوە هەزاران کەس بێکار  بوون.

سەرچاوەیەکی جێگای متمانە ڕایگەنادن کە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران شەقامەکانی بانە و جوانڕؤیان تەنیوە و جێگیر بوون.

دوو هەفتە لەمەوبەر کاسبکاران و دووکاندارانی شارەکانی: سەقز، جوانڕۆ و مەریوان بە داخستنی بازاڕ داوای کردنەوەی سنوورەکانیان کرد؛ هاوکات کاسبکار و دووکاندارانی پیرانشار و بانە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخستنی سنوورەکان مانیان گرت، کە بەهۆی دەستێوەردانی هێزەکانی ئیتلاعات و دروستکردنی فشار لەسەر بازاڕیان مانگرتنەکەیان شکاند.

ژیانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت لە شارە سنوورییەکانی وەک مەریوان، سەقز، بانە و جوانڕۆ بەستراوەتەوە بە جووڵەی بازاڕە سنوورییەکان و حکوومەتی ئێران لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووەوە بە ئامانجی گوشاری زیاتر لەسەر خەڵکی ئەم سنوورانەی داخستووە؛ ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەردەوامی خەڵک.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە