ماڵپەڕە حکوومەتییەکان: گواستنەوەی بەندکراوانی گۆمانلێکراوی تووشبوو بە پەتای کۆرۆنا بۆ دەرەوەی بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکانەوە بووە

هەنگاو: بە گواستنەوەی بەندکراوێکی گومانلێکراوی تووشبوو بە پەتای کۆرۆنا بۆ دەرەوەی بەندیخانەی ئورمیە، ژمارەی بەندکراوانی

١٧ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٠:٤٠

 

هەنگاو: بە گواستنەوەی بەندکراوێکی گومانلێکراوی تووشبوو بە پەتای کۆرۆنا بۆ دەرەوەی بەندیخانەی ئورمیە، ژمارەی بەندکراوانی گۆمانلێکراوی تووشبوو بەو پەتایە گەیشتە ١١ کەس.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو، شەوی رابردوو، بەندکراوێکی دیکەی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە ناوی موسا نێعمانی،تەمەن ٥٧ ساڵ و خەڵکی ئورمیە، لە لایەن کادری پزیشکیی بەندیخانەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی.

هەنگاو یەکەم سەرچاوەی هەواڵ بوو کە گواستنەوەی بەندکراوێکی گۆمانلێکراوی تووشبوو بە کرۆنای بۆ چارەسەری لە دەرەوەی بەندیخانەی ورمێ بڵاو کردەوە. هەروەها هەنگاو ئاشکرای کرد کە لانیکەم ١١ بەندکراو گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ناسر قەرەباغی، بەرپرسی نەخۆشخانەی تاڵەقانی، بە راگەیەنەکانی حکوومەتی راگەیاندووە کە تەنیا یەک بەندکراوی گۆمانلێکراوی تووشبوو بە کورۆنا هەیە کە ئەویش وڵامی تاقیکارییەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە. ناوبراو راشیگەیاند کە ئەم بەندکراوە لەوانەشە بە هۆی بەکارهێنانی کوکائینەوە نەخۆش کەوتبێ. ئەوەش بۆ خۆی جێی پرسیارە کە کوکائین چۆن گەیشتۆتە نێو بەندیخانەوە؟

قسەکانی قەرەباغی لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی بەندیخانەکە لانیکەم تووشبوونی دوو بەندکراویان بە کورۆنا لە رێگای بڵێندگۆی بەندیخانەوە بە شێوەی فەرمی راگەیاندووە.

ئێستا دوو بەندکراو بە ناوەکانی سەلمان سولەیمان نژاد و رەشید عەزیزی کە وڵامی تاقیکاریی کرۆنایان ئەرێنی راگەیاندراوە، دوای ئەوەیکە لە ناوەندی چارەسەرکردنەوە گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە، کەرەستە تایبەتییەکانیان کۆ کراوەتەوە و راگوازراونەتەوە بۆ قەرەنتینەی بەندیخانە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە