منداڵێکی بۆکانی بە هۆی ئەشکەنجە لەلایەن زڕدایکیەوە تووشی مەرگی مێشک بوو

منداڵێکی بۆکانی بە هۆی ئەشکەنجە لەلایەن زڕدایکیەوە تووشی مەرگی مێشک بوو

19:54 - 6 August 2018

 

هەنگاو: منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵی خەڵکی بۆکان کە لەلایەن زڕدایکیەوە ئەشکەنجە درابوو، تووشی مەرگی مێشک بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممەی حەفتەی ڕابردوو ڕێکەوتی (١١ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ٢ی ئاگۆستی ٢٠١٨)، منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵ کە تووشی خوێن بەربوونی مێشک ببوو و ئاسەواری لێدان و شینبوونەوە لەسەر لای چەپی دەمووچاوی و لاقی ڕاستی بەرچاو بووە، گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی بۆکان و بە هۆی ناجێگیر بوونی دۆخی تەندروستی ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەهاباد کراوە، کە دواتر پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە تووشی مەرگی مێشک بووە.

ئەیووب ئازین پوور، جێگری سیاسی کۆمەڵایەتی فەرماندار (قایم مقام)ی بۆکان، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی مەرگی مێشکی ئەو منداڵە ٦ ساڵە، بە هەواڵدەریی هەواڵنێرانی لاوی ڕاگەیاندووە کە ” باوکی ئەو منداڵە سکاڵای لەسەر ژنەکەی کە دەکاتە زڕدایکی منداڵەکە، تۆمار کردووە و چاوەڕوانی حوکمی دەزگای دادوەرین“.

دەزگای دادوەریی مەهاباد حوکمی دەستبەسەر کردنی ئەو ژنەی دەرکردووە و لەو ڕووەوە بنەماڵەکە خەڵکی بۆکان بوون کەیسەکەیان بۆ دەزگای دادوەریی بۆکان گوزراوەتەوە.