موحسین ئەحمەدزاده دیسان دەستبەسەر کرایەوە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد کە ماوەیەک پێش دوای دوو مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، سەرلەنوێ لەلایەن ناوەندە ئە

٢ سەرماوەز ٢٧٢١، ١٠:١٠

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد کە ماوەیەک پێش دوای دوو مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، سەرلەنوێ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٣ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)، موحسین ئەحمەدزاده هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی گوندی “کاسە کەرێزی”ی مەهاباد، دوو حەوتوو دوای ئازادی کاتی و دوای بانگ کران بۆ دادگای شۆڕشی مەهاباد دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادوەری دادگای مەهاباد فەرمانی دەستبەسەرکردنی یەک مانگەی بۆ موحسین ئەحمەدزاده دەرکرەدووە و بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە هەر لەو ماوەیەدا دانیشتنی دادگاکەی بەڕێوە دەچێ.

موحسین ئەحمەدزاده  ڕۆژی دووشەممە ٨ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٣٠ی ئاگۆستی ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گوازرایەوە.

ناوبراو دوای نزیکەی دوو مانگ بەندکران سەرەتای مانگی خەزەڵوەر بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرابوو.

موحسین ئەحمەدزاده لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لەمافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکی بێبەش بووە و ناوەندە ئەمنییەکان ناوبراویان هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت تۆمەتبار کردووە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، هاوکات برایەکی موحسین بە ناوی یاسین ئەحمەدزاده لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە کە دوای ٢٤ کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە موحسین ئەحمەدزاده تەمەن ٣٢ ساڵ، خێزاندار و باوکی سێ منداڵە کە لە گوندی کۆسەکەرێزی مەهاباد دادەنیشێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە