موحیبەت مەحموودی دوای ٢١ ساڵ بەندکران ئازاد بوو

موحیبەت مەحموودی بەندکراوی کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕ دوای ٢١ ساڵ بەندکران لەژێر

٥ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ٢١:٤٧

 

هەنگاو: دووشەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

موحیبەت مەحموودی بەندکراوی کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕ دوای ٢١ ساڵ بەندکران لەژێر سێبەری سێدارە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد بوو.

هەنگاو زانیویەتی کە بنەماڵەی کوژراوەکە کە خاوەن دوو ژن و باوک ١٦ منداڵ بووە بۆ ئەوەی ڕازی ببن محەبەت لە سێدارە نەدرێت داوای بڕی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن تمەن پارەیان کردووە. دوای ئەوەی ڕێکخراوی هەنگاو کەمپەینێکی ڕاگەیاند بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بڕی ٥٠٠ ملیۆن تمەن کۆ کرایەوە و لە جیاتی باقی بڕە پارەکە بارمتە دانراوە.

موحیبەت مەحموودی ڕۆژی شەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٠١ (٢١ی ئەپریلی ٢٠٠١) بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک کە بە زۆر چەقۆی بەکار هێنابوو و چووبووە ماڵیان و ویستبووی دەستدرێژی بکاتە سەر دەستبەسەر و دواتر لەلایەن لقی ٢٢ی دادگای تاوانەکانی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزایی سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و لەو کاتەوە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.

ناوبراو لە ماوەی ئەو ساڵانەدا تەنیا یەک جار و ئەویش ١٩ ساڵ پێش مافی مرەخەسی پێدراوە کە دوای سکاڵای بنەماڵەی کوژراوەکە خێرا گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانە.

ئەم سزایە دواتر بە هۆی ناڕەزایەتی بەربڵاو و گوشارە نێودەوڵەتییەکانەوە لە لایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەی بەڕێکرا بۆ لقی ١٠٦ی دادگای جەزایی ئورمیە کە دیسان سزای سێدارەی بەسەردا سەپایەوە و سزاکەش لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی مەحموودی پێشتر لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو: " لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا تەنیا موحیبەت و بووکەکەی لە ماڵدا بوون و کوژراوەکە بە ناوی "حاتەم مەحموودی گونبەدی" خەڵکی ناوچەی سێرووی ئورمیە کە ناسراوێکی دووریان بووە کاتژمێر ٨ی بەیانی بە چەقۆ و بە مەبەستی دەستدرێژی چووەتە نێو حەوشەکەیان. پاش ئەوەیکە ناوبراو ئامادە نەبووە ماڵەکە بەجێ بهێڵێت، موحیبەت چەکێک هەڵدەگرێت و بە مەبەستی ترساندنی حاتەم تەقە دەکات کە نەخوازراو تیرێک بەر حاتەم دەکەوێت و گیان لە دەست دەدات".

موحیبەت مەحموودی دایکی پێنج منداڵە، یەکێک لە کوڕەکانی موحیبەت پێشتر بە هەنگاوی وتبوو: " لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا کوژراوەکە سێ زەربەی چەقۆی دابوو لە سک و کەلەکەی دایکم و تەنانەت کاتێک هێزەکانی ئیدارەی ئاگایی چوونەتە شوێنی کوشتنەکە، هێشتا چەقۆکە لە دەستی کوژراوەکەدا بووە. بەو حاڵەش و بە پێی ئەو بەڵگانەش کە لەبەردەستدایە، دادگا سزای سێدارەی بە سەر دایکمدا سەپاندووە".

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە