موحیبەت مەحموودی ٢٠ ساڵە لە ژیر سێبەری مەرگدا دەژیت

هەنگاو: ژنێکی کوردی خەڵکی ئورمیە کە لەکاتی بەرگری کردن لە خۆی تووشی قەتڵ بووە و سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە، ٢٠ ساڵە لە بە

٢٢ خاکەلێوە ٢٧٢١، ٠٦:٥١

 

هەنگاو: ژنێکی کوردی خەڵکی ئورمیە کە لەکاتی بەرگری کردن لە خۆی تووشی قەتڵ بووە و سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە، ٢٠ ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە لە ژێر سێپەری مەرگدا دەژیت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژنێکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی “موحیبەت مەحموودی” تەمەن ٦٤ ساڵ لە ٢٠ ساڵ پێشەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە و لە بەندیخانەی لە چاوەڕوانی مەرگدایە و ماوەی ١٨ ساڵیشە کە لە مافی مرەخەسی بێبەش کراوە.

موحیبەت مەحموودی کە ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، ڕۆژی شەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٠١ (٢١ی ئاوریلی ٢٠٠١) بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک کە بە زۆر چەقۆی بەکار هێنابوو و چوبووە ماڵیان و ویستبووی دەسترێژی بکاتە سەر دەستبەسەر و دواتر لەلایەن لقی ٢٢ی دادگای تاوانەکانی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزایی سزای سێدارەی بەسەردا سپا و لەوکاتەوە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.

ناوبراو لە ماوەی ئەو ساڵانەدا تەنیا یەک جار و ئەویش ١٨ ساڵ پێش مافی مرەخەسی پێدراوە کە دوای سکاڵای بنەماڵەی کوژراوەکە خێرا گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانە.

ئەم سزایە دواتر بە هۆی ناڕەزایەتی بەربڵاو وگوشارە نیودەوڵەتیەکانەوە لە لایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەی بەڕێکرا بۆ لقی ١٠٦ی دادگای جەزایی ئورمیە کە دیسان سزای سێدارەی بەسەردا سەپایەوە و سزاکەش لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی مەحموودی لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند:" لە رۆژی رووداوەکەدا تەنیا موحیبەت و بووکەکەی لە ماڵدا بوون و کوژراوەکە بە ناوی "حاتەم مەحموودی گونبەدی" خەڵکی ناوچەی سێرووی ئورمیە کە ناسراوێکی دووریان بووە کاتژمێر ٨ی بەیانی بە چەقۆ و بە مەبەستی دەستدرێژی چۆتە نێو حەوشەکەیان. پاش ئەوەیکە نابراو ئامادە نەبووە ماڵەکە بەجێ بێڵێ، موحیبەت چەکێک هەڵدەگرێ و بە مەبەستی ترساندنی حاتەم تەقە دەکات کە نەخوازراو تیرێک بەر حاتەم ئەکەوێ و گیان لە دەست دەدات".

موحیبەت مەحموودی دایکی پێنچ منداڵە. یەکێک لە منداڵەکانی لەم پێوەندییەدا بە هەنگاوی راگەیاند:" لە رۆژی رووداوەکەدا کوژراوەکە سێ زەربەی چەقۆی دابوو لە زک و کەلەکەی دایکم و تەنانەت کاتێک هێزەکانی ئیدارەی ئاگایی چوونەتە شوێنی کوشتنەکە، هێشتا چەقۆکە لە دەستی کوژراوەکەدا بووە. بەو حاڵەش و بە پێی ئەو بەڵگانەش کە لەبەردەستدایە، دادگا سزای سێدارەی بە سەر دایکمدا سەپاندووە".

کوڕەکەی موحیبەت مەحموودی لە درێژەدا بە هەنگاوی راگەیاند:" کوژراوەکە دوو هاوسەر و ١٦ منداڵی هەیە و ئامادەن کە بە خوێنبایی میلیاردێک و دووسەد میلیۆن تمەن بکوژەکە ببورن. بەڵام دانی ئەو بڕە پارەیە بۆ ئێمە زۆر دژوارە و ئەگەر ماڵەکەشمان کە تەنیا سەرمایەی ئێمەیە بفرۆشین، نیوەی ئەو بڕە پارەیە دەرنایەنێت. بۆیە داوا لە هەموو خێرخوازەکان ئەکەم کە یارمەتیمان بدەن تا ئەو بڕە پارەیە کۆبکەینەوە و پاش ٢٠ ساڵ بە دیداری دایکمان شاد ببینەوە".

بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی هەنگاو کە چەند ڕۆژ پێش بڵاو کرایەوە، لەئێستادا ١٢ ژن کە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە