موژگان کاووسی دوای ١٠ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

هەنگاو: موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی کە لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران ڕاگیراوە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

٥ جۆزەردان ٢٧٢١، ١٧:٤٣

 

هەنگاو: موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی کە لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران ڕاگیراوە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی سێشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢١ ( ٢٥ی مەی ٢٠٢١)، موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کوردی خەڵکی کەلاردەشت لە باکووری ئێران، دوای ١٠ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن  لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕ (١٦ی مەی) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵاواردن لە نێوان بەندکراوان بە مەبەستی ناردنیان بۆ مرەخەسی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە، مانی لە خواردن گرتبوو.

موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٩ (مارسی ٢٠٢٠) دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی موژگان کاووسی بەڕێوە چووە و حوکمی بەندکرانی ناوبراو بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کرا. ناوبراو مانگی سەرماوەز لەلایەن دادگای بەرایی شاری نۆشەهر بە ٦٩ مانگ بەندکران حوکم درابوو.

موژگان کاووسی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “ پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٦ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.

موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٩ی مەی ٢٠٢٠)، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نۆشەهر کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراوەتەوە و لەو کاتەوە لە مافی مرەخەسی بێبەش کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە