میدیاکانی نزیک لە سپای پاسداران لەسێدارەدانی لاوێکی یارسانییان لە هەمەدان پشتڕاست کردەوە

هەنگاو: میدیاکانی نزیک لە سپای پاسدارانی ئێران لە سێدارەدانی لاوێکی کوردی پێڕەوی ئایینی یارییان لە هەمەدان پشتڕاست کردەوە.

١٨ ڕەزبەر ٢٧١٨، ١٢:٠٤

 

هەنگاو: میدیاکانی نزیک لە سپای پاسدارانی ئێران لە سێدارەدانی لاوێکی کوردی پێڕەوی ئایینی یارییان لە هەمەدان پشتڕاست کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان لەدەست دانی لاوێکی یارسانی بە ناوی ”ڕامین حوسێنی“ لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدرەی ئیتلاعاتی هەمە دان لە لایەن هەنگاو و چەند سەرچاوەی دیکە، هەواڵدەریی ”فارس“ نزیک لە سپای پاسداران لە هەواڵێکی تایبەت دا لەژێر ناوی ” لەسیدارەدانی کەسێک کە دەستدرێژی کردووە سەر ژنانی هەمەدان“  هەوڵی داوە کە هۆکاری گیان لەدەست دانی ئەو لاوە کوردە بگەڕێنێتەوە بۆ دەستدرێژی و ڕفاندنی خەڵک.

ئەو هەواڵدەرییە ناسنامەی ئەو لاوە کوردەی ”ڕامین مەجیدی فەڕ“ ڕاگەیاندووە و نووسیویە کە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژ لەسێدارە دراوە و ” ناوبراو بە زۆر دەستدرێژی کردووەتە سەر زیاتر لە ٤٠ ژن و کچی خەڵکی هەمەدان دانی بەو تۆمەتانە ناوە“.

ڕامین حوسێنی  ڕۆژی سێشەممەی (٣ی ڕەزبەری ٢٧١٨ / ٢٥ی سێپتامبری ٢٠١٨)، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی هەمەدان کوژراوە.

ڕامین حوسێنی ناسراو بە ڕامین موشەعشەعی خەڵکی گوندی ”قوڵقوڵ“ سەر بە شاری توێسرکانی پارێزگای هەمەدان و لە بنەماڵەیەکی ئاییینی و لە نەوەکانی نیزامەدین موشەعشەعی کە یەکێک بووە لە گەورەکانی ئاییینی یارسان، بووە.

ئەو میدیایەی نزیک لە سپای پاسداران لە کۆتایی دا نووسیویە “ جێگای ئاماژەیە کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا میدیا بیانییەکان بە بێ ئاماژە کردن بە پێشنینی ئەم کەسە هەواڵێکی هاوبەشیان لە ژێر ناوی ” کوشتنی لاوێکی کورد لە هەمەدان” بڵاو کردوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە