میلیتاریزەکردنی کوردستان درێژەی هەیە، ھێزەکانی سپای پاسداران بە جلی پێشمەرگەوە دەسووڕێنەوە

هەنگاو: سپای پاسداران بەردەوام هێزی زیاتر ڕەوانەی شارە سنوورییەکانی کوردستان دەکات و هاوکات چەک و چۆڵی سەربازیش بۆ کوردستان دەگوازێتەوە و

٣١ بانەمەڕ ٢٧١٩، ١٩:٣٠

 

هەنگاو: سپای پاسداران بەردەوام هێزی زیاتر ڕەوانەی شارە سنوورییەکانی کوردستان دەکات و هاوکات چەک و چۆڵی سەربازیش بۆ کوردستان دەگوازێتەوە و کەشیکی سەربازی بە سەر کوردستاندا زاڵ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە درێژەی ڕەوانەکردنی ھێز بۆ ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا بەشێکی دیکە لە هێزەکانی سپای پاسداران لە شارە سنوورییەکانی سەرپێڵی زەهاو، پاوە، مەریوان، سەردەشت، پیرانشار و شنۆ جێگیر بوون.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو هێزانەی کە ڕەوانەی کوردستان کراون بە تەواوەتی پۆشتە و پەرداخن و لە چەندین شوێن بە تایبەت لە هەورامان بە دانانی خاڵی پشکنین لێپرسینەوە لە گەڵ خەڵک دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین گرووپ لە هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان و پاوە جل و بەرگی پێشمەرگەیان لە بەر کردووە و وێڕای داخستنی جاددەکان پارەیان لە خەڵکی ناوچەکە وەرگرتووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە حەفتەی ڕابردووش هێزەکانی سپای پاسداران بە پۆشینی جل و بەرگی گریلاکانی حیزبی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) لە بەرزاییەکانی کێلەشین دەستیان بە جم وجۆڵ کردبوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە