مەرجی هاوکاری بۆ ناردنی بەندکراوێکی سیاسی بە مرەخەسی

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ماوەی ٦ مانگە لە مافی مرەخەسی بێبەش کراوە و بەرپرسانی بەندیخانە مەرجی هاوکاری

٣٠ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٣:٠٩


هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ماوەی ٦ مانگە لە مافی مرەخەسی بێبەش کراوە و بەرپرسانی بەندیخانە مەرجی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەکانیان بۆ پێدانی مرەخەسی بەو بەندکراوە داناوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شاریار ئۆسکۆیی کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە و ماوەی ٣٠ مانگ حوکمی بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکان، دوای شەش مانگ و سەرەڕای بڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ناو بەندیخانەی سنە، هێشتا لە مافی مرەخەسی بێبەشە و بەرپرسانی بەندیخانە ڕێگری لێدەکەن.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مانگی ڕابردوو خەزووری شاریار ئۆسکویی کۆچی دوایی کردووە و بەرپرسانی بەندیخانە وتوویانە بە مەرجێک ئیزن دەدەین کە بەشداری ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی خەزوورت بکەیت کە هاوکاری ناوەندە ئەمنییەکان بکەیت و ئەم داواکاریەی بەرپرسانی بەندیخانە لە لایەن ناوبراوەوە ڕەد کراوەتەوە.


شاریار ئۆسکویی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی هاوکاری ”حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران“ حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ ٣٠ مانگ کەم کرایەوە.


ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی دووشەممە ٢ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٢٣ی دێسامبری ٢٠١٩)، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی ٣٠ مانگ بەندکرانەکەی، خۆی ڕادەستی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە کرد و لەو کاتەوە بە بێ بوونی مافی مرەخەسی لە بەندیخانە ڕاگیراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە