مەرگی گوماناوی بەندکراوێکی سیاسی لە بەندیخانەی ئەهواز

هەنگاو: عادڵ کیانپوور بەندکراوی سیاسی لە کاتێکدا لە بەندیخانەی ئەهواز مانی لەخوارد گرتبوو،

١٢ بەفرانبار ٢٧٢١، ٢٣:٥٣

 

هەنگاو: عادڵ کیانپوور بەندکراوی سیاسی لە کاتێکدا لە بەندیخانەی ئەهواز مانی لەخوارد گرتبوو، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١ی ژانویەی ٢٠٢٢)، عادڵ کیانپوور بەندکراوی سیاسی لوڕ و خەڵکی ئەهواز لە کاتێکدا مانی لەخواردن گرتبوو، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا.

عادڵ کیانپوور لە ڕۆژی شەممە ٤ی بەفرانباری ٢٧٢١ بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نادادپەروەرانە بوونی سزاکەی و هەروەها بێبەش کران لە خزمەتگوزاری پزیشکی مانی لە خواردن گرتبوو و هێندێک لە میدیاکان ڕایانگەیاندووە کە هەر بەو هۆیەشەوە گیانی لە دەست داوە. بەپرسانی ئەمنی و دادوەریی هەتا ئێستا بە فەرمی هیچ لێدوانێکیان لەوبارەوە نەداوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کیانپوور بە هەنگاوی ڕاگەیاند: “بنەماڵەکەی سوورن لە سەر ئەوەی کە هۆکاری مردنی عادڵ مانگرتن لە خواردن نەبووە. چونکوو لە کاتی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان عادڵ ڕادەستی هێزەکانی سپای پاسداران کراوە و لەو کاتەوە  لە سەر چارەنووس و هۆکاری مردنەکەی  هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نەبووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، تەرمی عادڵ ڕۆژی یەکشەممە بە مەبەستی تویکاری پزیشکی ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە.هەوڵەکانی هەنگاو بە مەبەستی پەیوەندی گرتن بە دایکی عادل بە هۆی ناجێگری بوونی باری تەندروستی بێ ئاکام مایەوە. بە وتەی نزیکانی ئەو بنەماڵەیە دایکی عادڵ لە دوێنێوە چەندین جار لە هۆش چووە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

هەنگاو هەروەها زانیویەتی کە دوابەدوای بڵاوبوونەوەی فایلێکی دەنگی  عادڵ کیانپوور لە ناو بەندیخانەی شیپانی ئەهەوازەوە کە مانگرتن لە خواردنی خۆی ڕاگەیاندبوو، ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێکراوە.

 بەدواداچوونەکانی هەنگاو دەریخستووە کە عادڵ کیانبوور ساڵی ٢٠١٨ بووەتە ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) و دوای نزیکەی دووساڵ لەو حیزبە جیابووەتەوە و هاوینی ٢٠٢٠ لە سنووری پیرانشارەوە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کردووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ماوەی دوو مانگ لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی پیرانشار ڕاگیراوە و لە دادگای ئەو شارە بە چەندین تۆمەت وەکوو ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان، تێکدانی بیروڕای گشتی و پڕوپاگەندە دژی حکوومەت دادگایی کراوە و دواتر بۆ بەندیخانەی شیبان لە ئەهواز گوازراوەتەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای ١٦ مانگ مانەوە لە بەندیخانە دواجار لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەهواز بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام، تێکدانی بیروڕای گشتی و هەڵگرتنی چەک سەرجەم سزای سێ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

عادل کیانپوور مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لە ناو بەندیخانە تووشی کۆرۆنا بووە و دایکی ئەوکات تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردبوویەوە و داوای لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو کە گیانی کوڕەکەی ڕزگار بکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە