مەرگی گوماناوی پەرەستارێکی نەخۆشخانەی فەجر لە مەریوان

هەنگاو: یەکێک لە فەرمانبەرە خۆشناوەکانی نەخۆشخانەی فەجری مەریوان شەوی ڕابردوو بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە و بنەماڵەکەی لە سەر

٢٧ خەرمانان ٢٧٢١، ٢٠:١٣

 

هەنگاو: یەکێک لە فەرمانبەرە خۆشناوەکانی نەخۆشخانەی فەجری مەریوان شەوی ڕابردوو بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە و بنەماڵەکەی لە سەر ئەو بڕوایەن کە هێزە ئەمنییەکان پێشتر هەڕەشەی کوشتنیان لە ڕۆڵەکەیان کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢٣ی شەوی هەینی ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢١ (١٧ی سێپتامبری ٢٠٢١)، تەرمی سیروان نسڵی، تەمەن ٣٦ ساڵ و یەکێک لە پەرەستارە خۆشناوەکانی نەخۆشخانەی فەجری مەریوان لە ژووری کارەکەیدا دۆزرایەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو کاتژمێر ٣ی پاشنیمەڕۆی هەمان ڕۆژ لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراو کە وەک باس دەکرێت لە دەرگای پشتەوەی نەخۆشخانە چوونەتە ناو نەخۆشخانە کوژراوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی نسڵی، ناوبراو ماوەیەک پێش بە چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵە و هەروەها هاوڕێیانی خۆی وتووە: “لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە و ئەگەر هەر شتێکم بە سەردا بێت کاری هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتە و ئەگەری ئەوە هەیە بە مەبەستی بەلارێدابردنی بیرو ڕای گشتی هۆکاری مردنەکەم بۆ خۆکوشتن یان مەرگی سروشتی بگەڕێننەوە”.

یەکێک لە پێرسێنێلی نەخۆشخانەی فەجر کە ناوی لای هەنگاو پارێزراوە لەمبارەوە بە هەنگاوی وت: “دوای دۆزینەوەی تەرمەکە چەند کەس لە پێرسێنێلی نەخۆشخانە کە گرێدراوی ناوەندە ئەمنییەکانن خێرا دەنگۆی ئەوەیان داخستووە کە خۆی کوشتووە و بەشێکیشیان وتوویانە کە بە هۆی تەزووی کارەبا یان ڕاوەستانی دڵەوە گیانی لە دەست داوە”.

یەکێک لە هاوکارەکانی سیروان نسڵی کە توانیویە تەرمەکەی ببینێت، وتوویە: “ناوبراو توێڵ، سەر، مل، فەک و دەستەکانی شکاوە و هەر دووچاویشی بە هۆی گوشاردانی لەڕادەبەدەر چوونەتە ناوەوە”.

بەم حاڵەشەوە لە بەڵگەی پزیشکی داد هۆکاری مردنی سیروان نسڵی ڕاوەستانی دڵ ڕاگەیەندراوە و بنەماڵەی نسڵی و هاوکارەکانی لە نەخۆشخانەی فەجر  لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە توندی هەڕەشەیان لیکراوە کە نابێت لەمبارەوە لەگەڵ هیچ میدیایەک قسە بکەن.

جێگای ئاماژەیە کە سیروان نسڵی پێشتر بە هۆی تێکهەڵچوونێک کە لەگەڵ بەرپرسی حیراسەتی بێهداشتی مەریوان هەیبووە بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و دواجار دیوانی دادوەری ئیداری ناوبراوی بە بێ تاوان ناساند و پێنج مانگ پێش گەڕایەوە سەر کارەکەی خۆی.

سیروان نسڵی خاوەن بڕوانامەی بەکالوریوسی پەرەستاری بووە و پێش لەوەی دەربکرێت بەرپرسی بەشی ICU ی نەخۆشخانەی فەجر بووە و دوای گەڕانەوەی ماوەیەک لەو بەشە بووە و دواتر بۆ بەشی کەرەستە پزیشکییەکان گوازراوەتەوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی نسڵی، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی شۆڕدنی تەرمی سیروان ئیزنیان نەداوە کەس وێنە بگرێت و تەنانەت ئەو شۆڤیرەش کە تەرمەکەی گواستووەتەوە پرسێنێلی نەخۆشخانە نەبووە و یەکێک لە ئەندامانی ئیدارەی ئیتلاعات بووە.

تەرمی سیروان نسڵی ئەمڕۆ شەممە لە گۆرستانی بەهشتی مستەفای مەریوان لە کاتێکدا ئەسپەردە کرا کە هێزە ئەمنییەکان بە جلی شەخسییەوە ناوچەکەیان لەژێر چاوەدێریدا بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە