مەرگی گوماناوی چالاکێکی سیاسی خەڵکی سەردەشت لە هەرێمی کوردستان

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی خەڵکی سەردەشت بە شێوەیەکی گوماناوی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان کوژراوە.

١٥ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٦:١٨

 

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی خەڵکی سەردەشت بە شێوەیەکی گوماناوی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان کوژراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١ی ژانویەی ٢٠٢٢)، تەرمی ئەحمەد بێ غەم، چالاکی سیاسی خەڵکی سەردەشت لە کاتێکدا ئاسەواری ئەشکەنجە بە سەر جەستەیەوە ڕوونە لە ناو ماڵەکەی خۆی لە شاری هەولێر دۆزراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەحمەد بێ غەم لە شاری هەولێر سەرقاڵی کرێکاری بووە و لە ڕۆژی پێنج شەممەوە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و هاوڕێکانی پچڕاوە و ڕۆژی شەممە یەکێک لە هاوکارەکانی کاتێک سەردانی ماڵەکەی کردووە لەگەڵ تەرمەکەی بەرەوڕوو بووەتەوە.

پۆلیسی هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەوبارەوە نەداوە. بەم حاڵەش میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان نووسیویانە کە “پۆلیسی هەولێر ڕۆژی شەممە بە مەبەستی توێکاری پزشیکی تەرمی ئەحمەدیان بردووە و  بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە هەتا ٢٠ ڕۆژی دیکە ئاکامی پزیشکی داد پێیان ڕادەگەیەندرێتەوە.

تەرمی ئەحمەد بێ غەم دواتر لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە و لە شاری قەڵادزێ سەر بە پارێزگای سلێمانی ئەسپەردە کراوە.

لەو ڕووەوە کە ئەحمەد بێ غەم چالاکی سیاسی بووە و بەهۆی پیشنەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تیرۆری دژبەرانی خۆی لە هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە قامکی تاوان بۆ لای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاکێشراوە کە دەست و پەیوەندییەکانی لە هەرێمی کوردستان چالاکن.

جێگای ئاماژەیە کە ئەحمەد بێ غەم ١٠ سال پێش لە ژێر گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بوو زێدەکەی خۆی بەجێ بهێڵیت و وەکوو پەنابەری سیاسی لە هەولێر دەژیا. ناوبراو سالی ٢٠١٤ و دوای هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانی جووەتە ڕۆژئاوا و بۆ ماوەی ساڵێک ئەندامی هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بووە و دوای بریندار بوونی گەڕاوەتەوە بۆ هەولێر و لەو شارە سەرقاڵی کرێکاری بووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کەسانی چەکداری نەناسراو ڕۆژی یەکشەممە ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (٢٨ی نۆڤەمبری ٢٠٢١) لە گەڕەکی بنسڵاوەی شاری هەولێر تەقەیان لە ماڵی ڕشاد مینبەری، چالاکی سیاسی دژبەری حکوومەتی ئێران و ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردبووە.

هەنگاو لە ساڵی ٢٠٢١ دا تیرۆری لانیکەم چوار چالاکی سیاسی کورد و ئەندامی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانی بە ناوەکانی موسا باباخانی، مێهدی ڕەزایی، ئاکۆ فەتحی و بێهرووز ڕەحیمی لە شارەکانی هەولێر، پێنجوێن و سلێمانی بڵاو کردبوویەوە. بە پێی ئەو بەڵگانەی کە هەیە ئەم کەسانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تیرۆر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە