مەرگی گوماناوی ژنێکی لاو و ئەگەری کوشتنی لەلایەن شووەکەیەوە

هەنگاو: ژنێکی لاوی خەڵکی سەقز کە تازەیی ژیانی هاوبەشی خۆی پێک هێنابوو، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە بنەماڵەکەی لەسەر ئەو بڕوای

٢٥ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٥:٤٦

 

هەنگاو: ژنێکی لاوی خەڵکی سەقز کە تازەیی ژیانی هاوبەشی خۆی پێک هێنابوو، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە بنەماڵەکەی لەسەر ئەو بڕوایەی لەلایەن شووەکەیەوە کوژراوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٢) لەیلا ئیسلامی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی سەقز دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بۆکان گیانی لەدەست دا.

کەیوان قەزایی شووی لەیلا ڕایگەیاندووە کە ناوبراو خۆی کوشتووە. بەڵام بنەماڵەی لەیلا لەسەر ئەو بڕوایەن کە لەیلا لەلایەن شووەکەیەوە کوژراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ئیسلامی لەم پەیوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند: «شووی لەیلا دوو چیرۆکی زۆر دژ بە یەکی لە شێوازی خۆکوشتنی لەیلا گێڕاوەتەوە و ئەمەش گومانەکانی زیاتر کردووە و لە لایەکی دیکەشەوە لەیلا هیچ کێشەیەکی نەبووە هەتا خۆی بکوژێت».

هەنگاو زانیویەتی کە بنەماڵەی ئیسلامی چاوەڕوانی وەڵامی توێکاری پزیشکی دادن و لە بەڵگەی سەرەخۆشیی لەیلادا ناوی شووەکەی نەنووسراوە.

لەیلا ئیسلامی پێنج مانگ پێش ژیانی هاوبەشی خۆی لەگەڵ شووەکەی کە خەڵکی بۆکانە پێک هێنابوو.

جێگای باسە کە تەرمی لەیلا ئیسلامی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە زێدەکەی خۆی واتە گوندی «چەکوشە» سەر بە شاری سەقز ئەسپەردەی خاک کراوە.

چل ڕۆژ پێش ئێستاش ژنێکی خەڵکی سەقز بە ناوی فەوزیە ئەمینی بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا کە بنەماڵەی ناوبراویش لە سەر ئەو بڕوایەن شووەکەی کوشتوویە و هەتا ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی پزیشکی داد دەکەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە