ناسنامەی ٧ دەستبەسەر کراوی دیکە ئاشکرا بوو

هەنگاو: بانگ کران و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد بە بیانووی بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی کوردستان درێژەی هەیە و هەنگاو ناسنامەی

٦ سەرماوەز ٢٧١٩، ٢٢:٣٢

 

هەنگاو: بانگ کران و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد بە بیانووی بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی کوردستان درێژەی هەیە و هەنگاو ناسنامەی ٧ دەستبەسەر کراوی دیکە لە شارەکانی مەریوان، جوانڕۆ و سنە ئاشکرا دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری جوانڕۆ ناسنامەی ئەو ٣ کەسەی ”ئارمان سەعیدیان“، ”ئارام سەعیدیان“و ”پارسا نادری“ ڕاگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی سەرماوەز (٢٧ی نۆڤەمبر)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چالاکێکی ژینگەپارێز بە ناوی ”شیما ئیبراهیمی“  و دەستبەسەریان کردووە.

هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سنەش بە ناوی ”ساعد بەنەفشی“ کوڕی خالید حەفتەی ڕابردوو دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ”مەسعوود ئاریەن“ تەمەن ٣٠ ساڵ، کوڕی تۆفیق و خەڵکی گوندی ڕواری سەوڵاوا و ”گۆران عەلایی“ تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی عیرفان و خەڵکی گوندی جەولاندەی سەوڵاوا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر کراون.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ١١٠ کەس لە دەستبەسەر کراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە