ناسنامەی ٢٠ کەسی دیکە لە دەستبەسەر کراوانی کوردستان ئاشکرا بوو

هەنگاو: لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران کە ١٥ شاری کوردستانیشی گرتەوە، زیاتر لە ١٠٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان

٥ سەرماوەز ٢٧١٩، ١٨:٤٢

 

هەنگاو: لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران کە ١٥ شاری کوردستانیشی گرتەوە، زیاتر لە ١٠٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی نزیک بە ١٠٠ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشكرا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد لە شاری جوانڕۆ، پێنج کەسی دیکە بە ناوەکانی ”سەلاح بێهرووجە“، ”سەعید قادری“ خەڵکی بانە ، ”هێرش میرئەحمەدی“، ”دیاکۆ میرئەحمەدی“ و ”ئاریا عەزیزی“ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و چارەنووسیان نادیارە.

سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری مەریوان ڕایانگەیاندووە کە چەند کەسی دیکە لەو شارە دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی هێندێکیان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ”کارۆ جانفیدا“ کوڕی ڕەحیم، ”دانیال نیخا“ کوڕی ناسر، ”شاهۆ مەنووچێهری“ کوڕی محەمەد و ”ئومید یوسێفی“ کوڕی محەمەد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر رکاون.

هەروەها مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵیش بە ناوی ”میلاد نجاتی“ لە کانی دینار سەر بەو شارە دەستبەسەر کراوە.

دوو براش کە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە دەستبەسەر کراون. هەواڵنێری هەنگاو ڕایگەیاندووە کە ئەو دوو کەسە کوڕێ کەسێک بە ناوی ”لەتیف دانش“ بوون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە شاری سەقز دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی ”فەریاد شاه محەمەدی“ و ”شێرکۆ کەریمی“ کوڕی محەمەد دەستبەسەر کراون.

هەروەها لە گەڕەکی نایسەری شاری سنە شەش کەسی دیکە دەستبەسەر کراون. هەواڵنێری هەنگاو ناسنامەی ئەو کەسانەی ”محەمەد سدیق سەیاری“، ”کەیوان ڕەحمانی“، ”ماشاڵڵا فەتحی“، ”کوڕی ماشاڵڵا“، ”کامیار“ و ”مێهران“ ڕاگەیاندووە کە چارەنووسیان نادیارە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی ٩٧ کەس لە دەستبەسەر کراوانی کوردستان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە