ناسنامەی ٦ کەسی دیکە لە گیراوانی کرماشان، جوانڕۆ و سنە ئاشکرا بوو

هەنگاو: لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی حەفتەی ڕابردوو سەدان هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

٨ سەرماوەز ٢٧١٩، ٢٢:٤١

 

هەنگاو: لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی حەفتەی ڕابردوو سەدان هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ئەندازیار ”مەحیەدین ئەسغەری“ و ناوبراویان لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی ”سوحبەتوڵڵا ئومیدی“ دەستبەسەر کردووە.

سەرەڕای تێپەڕینی چەند ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، چارەنووسیان نادیارە و نازانرێت کە لەکوێ ڕاگیراون.

لەلایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی ”زەکەریا ئەحمەدی“ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

لە شاری سنەش هاووڵاتییەکی بە ناوی ”محەمەد ئەحمەدی“ کوڕی سەلیم شاتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو باوکی دوو منداڵە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەروەها، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی سنە بە ناوەکانی ”دانیال شەریفی“ و ”فەرزاد گولی“ لە ڕۆژی یەکەمی خۆپێشاندانەکانی ئەو شارە دەستبەسەر کراون.

ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ئازادی ئەو دوو کەسە داوای بڕی ٢٠٠ میلیۆن تمەنیان کردووە کە هەتا ئێستا بنەماڵەکانیان نەیانتوانیەوە ئەو بڕە پارەیە دابین بکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە