ناسنامەی ١٨ کەسی دیگە لە دەستبەسەر کراوانی کوردستان ئاشکرا بوو

هەنگاو: شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیان لە کوردستان درێژەی هەیە و ڕاپۆرتەکان باس لە ئەشکەنجەی بەندکراوان دەکەن.

٣ سەرماوەز ٢٧١٩، ١٩:٠٦

 

هەنگاو: شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیان لە کوردستان درێژەی هەیە و ڕاپۆرتەکان باس لە ئەشکەنجەی بەندکراوان دەکەن.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی حەفتەی ڕابردووی کوردستان، زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا پێنج کەسی دیکەی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی ”هادی ڕاستین“ تەمەن ١٥ ساڵ و کوڕی فەریق، ”فەردین بەدەخش“ تەمەن ١٨ ساڵ و کوڕی لەتیف، ”زانیار ئەسوار“ تەمەن ١٥ ساڵ و کوڕی عەبدوڵڵا، ”سینا جاست“ تەمەن ٢٠ ساڵ و کوڕی سالار و ”مێهدی پیرخان“ کوڕی حەسەن“ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

هەروەها ناسنامەی ٨ کەسی دیکە لە گیراوەکانی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ”غەفار عەزیزی“، ”موختار عەزیزی“، ”ئارمین فەرەجی“ ، ”یەحیا مورادی“، ”میلاد مورادی“ سرووش نەقدی“، ”کەماڵ زاهری“ و ”یاسر بەرزگەر“ کە دەستبەسەر کراون، بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە.

غەفار و موختار برا بوون و هیزە ئەمنییەکان دوای ئەوەی هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵەکەیان، هەردویان دەستبەسەر کردووە و غەفار پاش یەک رۆژ ئازاد کراوە و چارەنووسی موختار نادیارە.

هەنگاو ناسنامەی پێنج کەسی دیکە لە دەستبەسەر کراوانی سنەی بە ناوەکانی ”زانیار گەلێنی“، ”ئارمان وەفایی“، ”کاوە ڕەزایی“ کوڕی ناسر ، ”فەرزین مەولوودی“ تەمەن ١٨ ساڵ و ”شەهرام وەکیڵی“ بۆ ئاشکرا بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی وەکیڵی لەوبارە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ”شارام وەکیڵی“ دوای دەستبەسەر کران بۆ تاران گوازراوەتەوە.

هەتا ئیستا ناسنامەی ٦٠ کەس لەو گیراوانە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە کە بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو بەشێکیان ئەشکەنجە کراون و بەشێکیشان بۆ ئازاد کردنیان داوای پارە لە بنەماڵەکانیان کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە