ناوەندە ئەمنییەکانی سنە دەیانهەوێ سێ بەندکراو ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بکەن

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە هێشتا دەستبەسەر و ناوەندە ئەمنییەکانیش بە بنەماڵەکانیان وتووە

١٧ جۆزەردان ٢٧٢١، ١٢:٥٩

 

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە هێشتا دەستبەسەر و ناوەندە ئەمنییەکانیش بە بنەماڵەکانیان وتووە کە “کوڕەکانتان ڕازی بکەن که دان بە تاوانەکانیاندا بنێن”.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،  دوابەدوای تێپەڕینی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی تەنگیسەری سنە بە ناوەکانی ئارەش ئەحمەدی ٢٢ ساڵە، ئەمیر ڕەزایی ٣٠ ساڵە و ئارام مورادیان ٣٢ ساڵە ئەو سێ هاووڵاتیا هێشتا دەستبەسەر و تەنیا دوو جار لەرێگای تەلەفوون و ئەویش بە کوردتی پەیوەندییان گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سەرباری بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، نەک هەر نەیانتوانیوە چاویان بە ڕۆڵەکانیان بکەوێت، بەڵکوو هێزە ئەمنییەکان بە ئەوانیان وتووە” بە ڕۆڵەکانتان ڕازی بکەن کە دان بە تاوانەکانیاندا بنێن هەتا ئازادیان بکەین”.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە ئێستا بنەماڵەی ئەو سێ دەستبەسەر کراوە بەپەرۆشن کە ڕۆڵەکانیان لەژێر ئەشکەنجەدا بن هەتا بە زۆرەملی دانپێدانانیان لێ وەربگیرێت و لەو ڕووەوە کە سێ حەوتووە هیچ پەیوەندییەکیان بەگرتووە ئەمە زیاتر بەپەرۆشیانی کردووە.

ئەم سێ کەسە کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢١) هاوکات و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کرابوون.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەم سێ کەسە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە