ناڕوون بوونی چارەنوسی شایەتحاڵێکی کوژرانی ژینگەپارێزانی مەریوان و هەوڵەکانی سپا بۆ بەلاڕێدابردنی

هەنگاو: یەکێک لە شایەتحاڵانی گیان لەدەست دانی چوار چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان کە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە.

٦ خەرمانان ٢٧١٨، ٢٣:٠٧

 

هەنگاو: یەکێک لە شایەتحاڵانی گیان لەدەست دانی چوار چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان کە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووە، چارەنووسی ئیقباڵ مورادی، یەکێک لە شایەتحاڵانی کارەساتی گیان لە دەست دانی چوار ژینگەپارێزی مەریوانی نادیارە و میدیاکانی نزیک لە سپای پاسداران بۆ بەلاڕێدابردنی هەواڵی دەستبەسەرکرانی ناوبراو، هۆکاری گرتنەکەی بۆ هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان دەگەڕێننەوە.

بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیقباڵ ڕۆژی شەممە و دوای گواستنەوەی تەرمی ئەو ژینگەپارێزانە بۆ نەخۆشخانەی مەریوان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و پاش چوار ڕۆژ هێشتا چارەنووسی نادیارە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی لەو پەیوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دوای ئەوەی کە شەوی ڕابردوو هەنگاو وەکوو یەکەمین سەرچاوە هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەو شایەتحاڵەی بڵاو کردەوە، میدیاکانی نزیک لە سپای پاسداران ئەمڕۆ ڕایانگەیاند کە ئیقبال موردادی لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو گرووپە پێشمەرگەی کۆمەلەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەستبەسەر کراوە کە هەر ئەو ڕۆژە لە نزیک ولەژێری مەریوان کەوتبوونە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسداران و لەئاکامدا دوو کەسیان گیانیان لە دەست دابوو.

هەم سەرچاوەکانی هەنگاو و هەم بنەماڵەی ئیقباڵ مورادی ئەو هەواڵانە بەدرۆ دەخەنەوە . ناوەندە ئەمنییەکان دەیانهەوێ بە پەیوەندیدانی گیرانی ئیقباڵ مورادی بەو شەڕەوە، بیروڕای گشتی بەلاڕێدا ببەن و ئیزن نەدەن کە هیچ کەس پەیگیری چارەنووسی ئەو شایەتحاڵە ببێت.

شەوی ڕابردوو هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە بەڕێز مورادی لە شوێنی کارەساتەکە دەستبەسەر کراوە، بەڵام دوای بەدواداچوونی زیاتر دەرکەوت کە ناوبراو لە نەخۆشخانەی مەریوان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

چارەنووسی یەکێکی دیکە لە شایەتحاڵانی ئەو ڕووداوەش بە ناوی محەمەد مورادوەیسی تەمەن ٥٧ ساڵ نادیارە.

هێزەکانی سپای پاسداران هەو ئەو ڕۆژە بە بیانووی زۆربوونی ڕێژەی سووتانی کاک محەمەد، ناوبراویان بە کۆپتەر بۆ سنە گواستووەتەوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە یەکێک لە کوڕەکانی ڕایگەیاندبوو کە تەنیا لەپی دەستی باوکم سووتاوە.

هەرچەند دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران گرتەیەکی ڤیدۆیی محەمەد مرادوەیسی بڵاو کردەوە و تەندروستی زۆر باش بوو، بەڵام بەو حاڵەش بنەماڵەی ناوبراو هەتا ئێستا نەیانتوانیوە پەیوەندی پێوە بکەن.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە